رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ دەستپێکردنی سەرما لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، خەڵک نیگەرانن لەوەی کێشەی کەمیی کارەبا سەرهەڵبداتەوە.
زستانی پار کێشەی کارەبا لەو وڵاتە گەورە بوو و حکومەت رۆژانە چەند کاژێرێک کارەبای لەسەر ماڵان دەبڕی. پیشەسازییەکانیش هەفتانە لەنێوان دوو تاوەکو سێ رۆژ کارەبایان لەسەر دەبڕدرا.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، رێکاریان گرتووتەبەر و چیدیکە ئەو گرفتە دووبارە نابێتەوە.
مەسعود پزیشکیان رایگەیاند: "پار ئەم کاتانە کارەبامان دەبڕی؛ هەمووتان ئەوەتان لەبیرە. هەوڵ دەدەین چیدیکە لە ماڵان گاز بەکارنەهێنن و بۆ گەرمکردنەوە کارەبا بەکاربهێنن و گاز بدەینە پیشەسازییەکان بۆ ئەوەی کاری باشتر بکەن و بەو کارە دەتوانین ژینگەش تەندروست بکەین."
یەکێک لە هۆکارەکانی بڕانی کارەبا لە ئێران کەمیی سووتەمەنی بوو لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا.
وەزیری وزەی وڵاتەکە دەڵێت، سەرچاوەی جیاواز بەکاردەهێنن بە مەبەستی بەرهەمهێنانی بڕی پێویست لە وزەی کارەبا.
عەباس عەلی ئابادی، وەزیری وزەی ئێران گوتی: "ئێمە لە ئێران 14 وێستگەمان هەن کە مازۆت بەکاردەهێنن، ئەگەر کێشەی گازمان هەبێ و سەرما زۆر بێ و بەکارهێنانی گازی ماڵان زۆر بێت، سرووشتییە کە بۆ دابینکردنی کارەبای پێویست بۆ ماڵان مازۆت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاربهێنین."
ئێران پێویستی بە نزیکەی 96 هەزار مێگاوات کارەبایە، بەڵام بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ئەو وڵاتە، زیاتر لە 20 هەزار مێگاوات کورتهێنانی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ