وەزیری دەرەوەی ئێران سەرزەنشتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات

23-01-2025
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئێران سەرزەنشتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات کە گوتوویەتی، ئێران دەبێت بە روونی ئەوە بڵێت کە ئامانجی "بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی نییە" و دەڵێت، ئێران هەمیشە پابەندی رژێمی جیهانی "نەهێشتنی چەکی کۆمەڵکوژ بووە."
 
سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆژی چوارشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2025، لە کۆربەندی داڤۆس لە سویسرا سەبارەت بە پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران رایگەیاند، پێویستە ئێران هەنگاو بەرەو باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و ئەمریکا بنێت و بە روونی ئەوە بخاتەڕوو کە ئامانجی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی نییە.
 
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز گوتی، "پێویستە کاربەدەستانی ئێران یەکجاری و بۆ هەمیشە ئەوە روون بکەنەوە کە بەدوای بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیدا نین و لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ناوچەکەدا پەیوەندیی بنیاتنەریان دەبێت."
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ـی کانوونی دووەمی 2025، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وەڵامی ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانی دایەوە و رایگەیاند، "ئامۆژگاریکردنی ئێرانییەکان بەوەی دەستبەرداری بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بن، زیادەڕۆییە."
 
عەباس عێراقچی ئاماژە بە ئەندامبوونی ئێران لە پەیماننامەی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی ئێن پی تی، فەتوای عەلی خامنەیی لەبارەی قەدەخەکردنی چەکی کۆمەڵکوژ، واژۆکردنی رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 لە لایەن ئێرانەوە دەکات و ئەم سێ مژارەی وەکو نیشانەی "پابەندبوونی روون و هەمیشەیی" ئێران بە دوورکەوتنەوە لە چەکی ئەتۆمی ناساندووە.
 
عێراقچی دەڵێت، "پابەندبوونی درێژخایەنی ئێران بە ڕژێمی جیهانی نەهێشتنی چەکی کۆموڵکوژ روون و ئاشکرایە."
 
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژە بە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ وڵاتانی 5+1 دەکات و دەڵێت، لە رێککەوتنەکەدا هاتووە "ئێران دووپاتی دەکاتەوە کە لە هیچ هەلومەرجێکدا ئێران هەرگیز بەدوای هیچ چەکێکی ئەتۆمیدا ناگەڕێت، پەرەی پێنادات و بەدەستی ناهێنێت."
 
بە گوتەی عێراقچی، تەنانەت دوای ئەوەی ئەمریکا لە ساڵی 2018 و لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ بە شێوەیەکی تاکلایەنە لە رێککەوتنەکە کشایەوە، ئێران پابەندی رێککەوتنەکە بووە.
 
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژە بە هەبوونی چەکی ئەتۆمی لە دەستی ئیسرائیل دەکات و وەکو مەترسییەکی راستەقینە بۆ سەر جیهان پێناسەی دەکات. عێراقچی دەڵێت، "ئەوە جبەخانەی ئەتۆمی راستەقینەی ئیسرائیل و رەتکردنەوەی بەشداریکردنییەتی لە ئێن پی تی کە مەترسییە بۆ سەر جیهان. ئەمەش نابێت ئاسایی بکرێتەوە یان سپی بکرێتەوە."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە