رووداو دیجیتاڵ
بەنداوی لەتیان لە تاران خەریکە وشک دەبێت. بڕانی کارەبا لە هەموو شارەکانی ئێران بەردەوامە و داوا دەکرێت وەزیری وزەی ئێران لەکار لابدرێت.
مورتەزا ئیسلامزادە، ئەمینداری لیژنەی شارە پیشەسازییەکان لە ژووری بازرگانیی ئێران دەڵێت، "بەڕێز پزیشکیان، وەزیری وزەی کابینەکەتان بگۆڕە. ئەم کەسە ناتوانێت. داهێنەر نییە و هیچ پلانێکی بۆ چارەسەرکردنی کورتهێنانی کارەبا نییە. بەڕێز وەزیر، بۆچی گاڵتەمان پێدەکەی و بەردەوام قسەکانت لەسەر بڕانی کارەبا دەگۆڕیت؟"
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاوی ئێران رایگەیاندووە، بەراورد بە پار بارینی بەفر و باران 40٪ کەمیکردووە و بەوهۆیەوە ئاوی گلدراوی زۆربەی بەنداوەکان بۆ نیوە و زیاتریش دابەزیوە. ئەمەش کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی کارەبا هەبووە.
وەزارەتی وزەش دەڵێت، پێشبینی دەکەن هاوینی ئەم ساڵ قەیرانی کارەبا لەو وڵاتە قووڵتر ببێتەوە و کورتهێنانی کارەبا 25 هەزار مێگاوات تێپەرێنێت.
حکومەتی ئێران داوای لە خەڵک و خاوەن کارگەکان کردووە، بە دانانی پانێلی هەتاوی بەشداربن لە دابینکردنی کارەبا و چارەسەرکردنی کێشەکە.
مەهدی بوستانچی، سەرۆکی ئەنجوومەنی هاوئاهەنگی شارە پیشەسازییەکانی ئێران لەوبارەوە دەڵێت: "ئەگەر بڕیار بێ خۆمان موەلیدە بکڕین یان پانێلی هەتاوی دابنێین، وەزارەتی وزە دابخەن باشترە. وەزارەتەکە دابخەن و بودجەکەی بەسەر خەڵکدا دابەش بکەن و بە خەڵکی بڵێن، بڕۆن خۆتان کارەبا بەرهەم بهێنن."
لەنێو پەرلەمانی ئێرانیش دەنگی ناڕەزایەتی لە بەرامبەر ئەدای وەزیری وزەی وڵاتەکە بەرزتر بووەتەوە و داوا دەکرێت، لێپرسینەوە لە وەزیر بکرێت، ئەگەر پێویستی کرد متمانەشی لێ وەربگیرێتەوە.
ئیبراهیم نەجەفی، جێگری لێژنەی ئاوەدانکردنەوە لە پەرلەمانی ئێران ئاماژە بەوە دەدات، "پێموایە لە کەرتی وزەدا بەڕێوەبردنێکی باش بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکان نییە، بۆیە دەستمانکرد بە دەستپێکردنی پرۆسەی لێپێچینەوە لە وەزیری وزە. 21 کەس لە پەرلەمانتاران واژۆیان کردووە و بۆ دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان نێردرا."
حکومەتی ئێران بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی کارەبا، چەندین رێکاری گرتووەتەبەر، لەوانەش؛ گۆڕینی کاتی دەوامی قوتابخانە و فەرمانگەکان، راگەیاندنی پشوو و بڕینی کارەبای ماڵان و کارگەکان، بەڵام ئەو رێکارانە کێشەکەیان چارەسەر نەکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ