رووداو دیجیتاڵ
هاووڵاتییەک لە ئێران بە تۆمەتی هاوکاریکردنی مۆساد لەسێدارە درا. بەگوێرەی میدیای فەرمیی دەسەڵاتی دادوەریی وڵاتەکە، ئەو کەسە سەرپەرشتیاری "تۆڕێکی سایبەریی مۆساد" بووە.
بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 23ی حوزەیران ئاژانسی هەواڵیی میزان، کە میدیای دەسەڵاتی دادوەریی ئێرانە، لەسێدارەدانی هاووڵاتییەکی بەناوی "محەممەدئەمین مەهدەوی شایستە"ی تەمەن 27 ساڵی بە تۆمەتی "هاوکاریی هەواڵگری بۆ ئیسرائیل و سەرپەرشتیاریی تۆڕێکی سایبەریی سەر بە مۆساد" راگەیاند.
میزان دەڵێت، "ئەو تۆڕە سایبەرییە، لەژێر چاودێریی ئەفسەرانی دەزگای مۆساد دا، چالاکیی هەبووە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و مەهدەوی شایستەش بەرپرس بووە لە بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنە سایبەری و مەیدانییەکانی تۆڕەکە دژی ئێران."
وەکو لە راپۆرتەکەی ئاژانسی هەواڵیی میزاندا هاتووە، تۆمەتبار بە مەبەستی راهێنان سەردانی یەکێک لە وڵاتانی دراوسێی ئێرانی کردووە و چەندین جار لەگەڵ ئەفسەرانی مۆساد کۆبووەتەوە، دواتر خۆی راهێنانی بە ئەندامانی تۆڕەکە کردووە.
محەممەدئەمین مەهدەوی شایستە لە پاییزی ساڵی 2023دا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کرا و دوای دادگاییکردن، سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو، لە 10ی حوزەیرانی 2025 لەلایەن دیوانی باڵای دادوەرییەوە پەسند کرا.
لەسێدارەدانی هاووڵاتییەکە لە کاتێکدایە کە جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە 11ـەمین رۆژدایە و هەردوولا بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر یەکدی.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئێرانیش تاوەکو ئێستا هەڵوەشاندنەوەی چەندین "تۆڕی سیخوڕی" و دەستبەسەرداگرتنی تەقەمەنی و ژمارەیەکی زۆر درۆنی راگەیاندووە کە بە گوتەی پۆلیس لە بەرژەوەندیی ئیسرائیل هەوڵی بەکارهێنانیان دراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ