سوپای پاسداران: لە لوڕستان درۆنێکمان خستەخوارەوە

23-06-2025
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سوپای پاسداران رایگەیاند، درۆنێکی پیشکەوتووی ئیسرائیل لە پارێزگای لوڕستان کراوەتە ئامانج و خراوەتەخوارەوە.
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 23-06-2025 پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای ئەبولفەزڵ، لقی سوپای پاسداران لە پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی کاراکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی، درۆنێکی ئیسرائیل لەو پارێزگایە کراوەتە ئامانج و خراوەتە خوارەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەی لقی لوڕستانی سوپای پاسداراندا هاتووە، "بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، درۆنێکی زۆر پێشکەوتوو لە جۆری (هێرمس) لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی لە ئاسمانی شاری خوڕەمئاوا دۆزرایەوە و خرایەخوارەوە."
 
وێنە و ڤیدیۆی پاشماوەی درۆنەکە دوای تێکشکاندنی لەلایەن میدیای ئێرانەوە بڵاوکراوەتەوە.
 
لە لایەکی دیکەوە میدیای ئێران بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ لە پارێزگای مەرکەزیش درۆنێکی ئیسرائیل لە جۆری "هێرمس 900" تێکشکێندراوە و خراوەتە خوارەوە.
 
هێرمس یەکێک لە گرنگترین درۆنەکانی ئیسرائیلە، کە لە لایەن کۆمپانیای "ئێلبیت سیستم"ی ئیسرائیلییەوە دروستکراوە. درۆنەکە لە دوو جۆری "هێرمس 450" و "هێرمس 900"دا خراونەتەڕوو، توانای کۆکردنەوەی زانیاری و بە ئامانجگرتنیان هەیە.
 
لە بەرەبەیانی 13ی حوزەیرانەوە جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران دەستیپێکردووە و تائێستاش بەردەوامە. ئێران لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا، بە چەند قۆناخ لە رێگەی مووشەک و درۆنەوە وڵاتەکەی کردووەتە ئامانج.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە