تاران هۆشداری دەدات؛ هەر هێرشێک بۆ سەر ئێران شکستێکی دیکە دەبێت

23-10-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ پێنجشەممە، هۆشداری دا و گوتی، هەر هێرشێک بکرێتە سەر وڵاتەکەی، "شکستێکی دیکە" دەبێت. 
 
ئەم قسانەی عێراقچی دوای ئەوە هاتن کە رافایێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ئاماژەی بە بەکارهێنانی هێز لە دژی ئێران کرد، ئەگەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان لە بارەی بەرنامە ئەتۆمییەکان بە ئەنجام نەگەن. 
 
ئێران لە مانگی تەممووزەوە هەموو هاوئاهەنگییەکی لەگەڵ ئاژانسەکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵوەشاندبووەوە، ئەوەش دوای ئەو جەنگە دوازدە رۆژییەی لە مانگی حوزەیران، ئیسرائیل لە دژی بەرپاکردبوو، کە تێیدا هێرشی بێوێنە کرانە سەر دامەزراوە سەربازی، ئەتۆمی و سڤیلەکانی ئێران. هەروەها ئەمریکاش لەو جەنگەدا هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییە سەرەکییەکانی ئێران. ئێران بە هێرشی درۆنی و مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل و بنکەیەکی ئەمریکا لە قەتەر وەڵامی دانەوە. 
 
گرۆسی رۆژی چوارشەممە، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی "لو تان"ی سویسڕی، باسی لەوە کرد کە "ئەگەر دیپلۆماسی شکست بهێنێت، دەترسم دووبارە هێز بەکاربهێنرێتەوە."
 
هەروەها گوتی، ئێران "بایی ئەوە سووتەمەنی هەیە کە نزیکەی 10 بۆمبی ئەتۆمی دروست بکات، بەڵام هیچ بەڵگەیەکمان نییە کە تاران هەوڵی بدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بدات."
 
عێراقچی بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆییەک لە تەلەگرام وەڵامی گرۆسیی دایەوە، کە تێیدا دەڵێت: "نازانم ئەو، ئەو قسەیەی لەبەر دڵەڕاوکێ یان وەک هەڕەشە کردووە، بەڵام ئەوانەی هەڕەشەی لەو شێوەیە دەکەن، پێویستە بزانن کە دووبارەکردنەوەی ئەزموونێکی شکستخواردووە، تەنیا شکستێکی نوێی لێدەکەوێتەوە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە