رووداو دیجیتاڵ
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە سەردانێکدا بۆ پارێزگای ورمێ باسی هەرزانیی نرخی بەنزینی لە ئێران کرد و رایگەیاند، نرخی بەنزین لە ئاو هەرزانترە و دۆخێکی لەو شێوەیە ناکرێ بەردەوام بێت، بۆیە بە پێویستی زانی نرخی بەنزین گران بکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ی تشرینی یەکەمی 2025، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران سەردانی پارێزگاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد و لە لایەن رەزا رەحمانی رەحمانی، پارێزگاری ورمێ و ژمارەیەک پەرلەمانتار و بەرپرسی دیکەی پارێزگاکەوە پێشوازی کرا.
دواتر لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ رۆشنبیران، چالاکڤانانی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی پارێزگاکە، پزیشکیان باسی لە کێشەکانی ئێران و پارێزگای ورمێ کرد و جەختی لەوە کردەوە، پێویستە بە لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی زانستی کێشەکان چارەسەر بکرێن و بڕیاری پێویست لەبارەیانەوە بدرێت.
سەرۆککۆماری ئێران لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژە بە هەرزانیی نرخی بەنزین لە ئێران کرد و رایگەیاند، لە ئێران نرخی بەنزین لە ئاو هەرزانترە و گوتی: "هیچ گومانێک لەوەدا نییە، کە دەبێ بەنزین گران بکرێت. بۆچی دەبێ یەک لیتر بەنزین بە 1500 تمەن [18 دیناری عێراقی] بێت؟ ئەگەر بە ئاویش پڕ بکەیت بەو نرخە نییە. ئێستا دەمەوێ دەستێوەردان بکەم، بەڵام ئایا بەو سادەییە دەکرێ؟ ئایا دەتوانم ئێستا بڕیار بدەم و بڵێم لە سبەینێوە ئەمە جێبەجێ بکەن؟"
گوتیشی: "ئەگەر بڕیارە دەستێوەردان لە نرخی بەنزین بکەین، ناتوانین بە شەوێک بڕیارێک بدەین و سبەی جێبەجێی بکەین؛ پێویستە زۆر شت لەبەرچاو بگرین و پلانێکمان بۆ هەر کامیان هەبێت، ئینجا هەنگاو بنێین."
پزیشکیان هەروەها رەخنەی لە شێوازی بڕیاری گرانکردنی بەنزین لە ساڵی 2019 گرت و رایگەیاند، ئەو کات ؛لەناکاو و بەبێ لێکۆڵینەوە، هەڵسەنگاندن و رەچاوکردنی دۆخەکە بڕیاری گرانکردنی بەنزین درا، کە قەیرانی لێکەوتەوە.
بەرپرسانی حکومەتی ئێران چەندین جار باسیان لە پێویستیی گرانکردنی نرخی بەنزین کردووە، بەڵام حکومەت لە بڕیاردان دوودڵە. بەرپرسانی باڵای ئێران لە کاردانەوەی خەڵک نیگەرانن و لەوە دەترسن گرانکردنی نرخی بەنزین بەبێ رەچاوکردنی دۆخی خراپی ئابووریی خەڵک، هاوشێوەی ساڵی 2019 ناڕەزایەتی تووندی لێبکەوێتەوە.
مشتومڕ لەسەر نرخی بەنزین لە ئێران، دوای ئەوە سەریهەڵدا کە چوار رۆژ لەمەوبەر حەمید رەسایی، پەرلەمانتاری تارانی سەر بە بەرەی نەریتخوازە تووندرەوەکان، وێنەی بڕیارێکی کابینەی پزیشکیانی سەبارەت بە گرانکردنی نرخی بەنزین لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام بڵاوکردەوە.
رەسایی راشیگەیاند، حکومەت بەنیازە نرخی بەنزین لە 1500 تمەنەوە بۆ 5500 تمەن بەرز بکاتەوە.
حکومەتی ئێران ئێستا مانگانە 60 لیتر بەنزین بە نرخی حکومیی 1500 تمەن دەداتە شۆفێران. هەروەها هەر شۆفێرێک دەتوانێت بڕی 100 لیتر بەنزین بە نرخی 3000 تمەن بکڕێت. جگە لەوە، حکومەت بڕیاری داوە یەک لیتر بەنزین بە نرخی ئازاد 8000 تمەن بفرۆشرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ