رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران هۆشداریی داوە لە هەوڵی ئەمریکا و ئیسرائیل، بۆ بەئامانجگرتنی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران و تێکدانی سەقامگیریی وڵاتەکە.
رۆژی شەممە ئاژانسی ئیسنا بڵاویکردەوە، ئیسماعیل خەتیب، وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران رایگەیاندووە، "دووژمن هەوڵدەدات رێبەری باڵا بکاتە ئامانج، هەندێکجار لە رێگەی هەوڵی تیرۆرکردن و هەندێکجاریش بە هێرشی دووژمنکارانە."
هەرچەندە روون نییە ئایا وەزیرەکە ئاماژەی بە رووداوێکی دیاریکراو کردووە یان نا، لە کاتێکدا بەرپرسانی ئێران زۆرجار باسی پیلانی دەرەکی دەکەن، بەڵام پێش جەنگە 12 رۆژییەکەی مانگی حوزەیرانی نێوان ئیسرائیل و ئێران، قسەکردن لەسەر ئەو هەڕەشانەی لەسەر ژیانی خامنەیی هەن، کەم بوو.
خەتیب دەڵێت، "ئەوانەی بەو ئاڕاستەیە کار دەکەن، بە ئاگاییەوە بێت یان بێ ئاگایی، بریکاری دزەپێکراوی دووژمنن،" کە مەبەستی ئیسرائیل و ئەمریکا بوو.
لەکاتی ململانێکانی ئەم ساڵدا، ئیسرائیل بەرپرسانی باڵای سەربازیی ئێران، زانا ئەتۆمییەکان، بنکەکان و ناوچەکانی نیشتەجێبوونی خەڵکی کردە ئامانج، دواتر ئەمریکاش لە جەنگەکەدا بەشدار بوو و دامەزراوە ئەتۆمییە سەرەکییەکانی ئێرانی بۆردوومان کرد.
سەبارەت بەو راپۆرتانەی لەکاتی جەنگدا بڵاوکرانەوە، گوایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رێگری لە پلانێکی ئیسرائیلی کردووە بۆ کوشتنی رێبەری ئێران لەترسی ئەوەی ململانێکان فراوانتر بن، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گرنگیی بەو قسانە نەدا، بەڵام گوتی، هەنگاوێکی لەو جۆرە "کۆتایی بە ململانێکە دەهێنێت."
ئەوکات ترەمپ گوتبووی، رێبەری ئێران "ئامانجێکی زۆر ئاسانە" و "ئێمە لەنێوی نابەین، لانیکەم بۆ ئێستا نا."
دواتر لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ گوتی، رێبەری ئێرانی لە "مردنێکی زۆر ناشیرین" رزگار کردووە.
خامنەیی تەمەن 86 ساڵ، لە ساڵی 1989وە رێبەری ئێرانە و بڕیاری کۆتایی لەسەر هەموو کاروباری دەوڵەت لەدەستی ئەودایە.
سەرەتای ئەم مانگە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، لەکاتی جەنگدا بەتایبەتی نیگەرانی ژیانی خامنەیی بووە و ترسی ئەوەی هەبووە دامەزراوەکانی وڵات "لەگەڵ یەکدی دەست بە شەڕ بکەن."
مانگی تەممووز، خامنەیی گوتی، ئامانجی هێرشەکانی ئیسرائیل لەکاتی جەنگدا لاوازکردنی کۆماری ئیسلامی بووە بۆ "نانەوەی ئاژاوە و هێنانی خەڵک بۆسەر شەقامەکان تاوەکو سیستمەکە بڕووخێنن."
لە 24ی حوزەیرانەوە ئاگربەست لەنێوان ئێران و ئیسرائیل راگەیێندراوە، بەڵام ئیسرائیل و ئەمریکا هەڕەشەی هێرشی نوێ دەکەن، ئەگەر تاران بەرنامە ئەتۆمییەکەی زیندوو بکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ