رووداو دیجیتاڵ
هێلیکۆپتەرێک لە پارێزگای ئەسفەهانی ئێران کەوتە خوارەوە و، چوار کەس گیانیان لەدەستدا کە لەنێویاندا فڕۆکەوان و یاریدەدەری فڕۆکەوانەکە هەن.
بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، هێلیکۆپتەرێک لە شارۆچکەی "دۆرچە" سەر بە قەزای خومەینی شار لە پارێزگای ئەسفەهانی ئێران کەوتەخوارەوە و لەنێو مەیدانی میوە و سەوزەی شارۆچکەکە گیرساوەتەوە.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانی میدیای فەرمیی ئێران، هێلیکۆپتەرەکە بەیانی ئەمڕۆ لە کاتی فڕیندا، بەهۆی گرفتێکی تەکنیکی کەوتووەتە خوارەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاگرکوژێنەوەی خومەینی شار رایگەیاند: "بەهۆی رووداوەکە، چوار کەس گیانیان لەدەستداوە کە بریتین لە فڕۆکەوان، یاریدەدەری فڕۆکەوان و دوو کەس لەو کاسبکارانەی کە لەناو مەیدانی میوە و سەوزەکەدا سەرقاڵی کارکردن بوون."
هێزە ئەمنییەکان و تیمەکانی فریاگوزاری گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوە لە وردەکاریی زیاتری هۆکاری گرفتی تەکنیکیی هێلیکۆپتەرەکە بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ