رووداو دیجیتاڵ
فاتمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران رووداوەکانی کاتی ناڕەزاییەکانی ئەم دواییە وەک "برینێکی لەبیرنەکراو لە دڵی هەموو تاکێک" ناودەبات و دەڵێت، "ناڕەزایەتی دەربڕین مافی خەڵکە، بەڵام نابێت هێڵە سوورەکان ببەزێندرێن."
ئەمڕۆ سێشەممە 24ی شوباتی 2026، فاتمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران، لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەیدا ئاماژەی بە ناڕەزاییەکان و خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییە کرد و رایگەیاند، "زیاتر لە 40 رۆژ بەسەر رووداوە دڵتەزێنەکانی ئەم دواییەدا تێپەڕی، بەڵام هێشتا برینەکانی کۆمەڵگە نوێن و ئەم برینانە خوێنیان لێدەچۆڕێت."
فاتمە مهاجرانی سەبارەت بە قوربانییانی خۆپێشاندان و گرژییەکان گوتی، لەلایەن حکومەت و بەرپرسان، و هەروەها لەلایەن بنەماڵەکانەوە رێوڕەسمی پرسە و ماتەمینی و چلەی قوربانییان بەڕێوەچوو، بەڵام "لەدەستدانیان شتێک نییە کە لەبیر بکرێت."
گوتەبێژی حکومەتی ئێران رووداوەکانی کاتی ناڕەزاییەکانی ئەم دواییەی وەک "برینێکی قووڵ" ناوبرد و گوتی، "ئەم برینە، برینێکە لە دڵی هەموو تاکێکدا هەیە و برینێکی زیندوو و کاریگەرە."
فاتمە مهاجرانی ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەت چەندین لیژنەی بۆ لێکۆڵینەوە پێکهێناوە و بەرپرسیارییەکانی قبووڵ دەکات و وەڵامدەریشە.
ناڕەزایی و خۆپێشاندانی ئێران لە 28-12-2025 لە بازاڕی گەورەی تارانەوە دەستیپێکرد، لە ماوەیەکی کەمدا هەموو وڵاتی گرتەوە و دواتر گرژیی لێکەوتەوە.
گوتەبێژی حکومەتی ئێران ئاماژەی بە خۆپێشاندان و گرژییەکانی رابردووش لە زانکۆکانی تاران و چەند شارێکی دیکەی ئەو وڵاتە کرد و رایگەیاند، خوێندکارانی زانکۆ مافی خۆیانە ناڕەزایەتی دەربڕن، بەڵام پێویستە هێڵە سوورەکان نەبەزێندرێن.
فاتمە مهاجرانی گوتی، "خوێندکار چالاک و گەنجە، مافی ئەوەی هەیە ناڕەزایەتی دەرببڕێت. خوێندکاری زانکۆ برینێکی لەسەر دڵە و برینێکی بینیوە کە ئاساییە بەهۆیەوە تووڕە ببێت، بەڵام هەموومان پێویستمان بەوەیە هێڵە سوورەکان بزانین. شوێنە پیرۆزەکان و ئاڵا ئەو هێڵە سوورانەن کە تەنانەت لە لووتکەی تووڕەییدا نابێت ببەزێندرێن."
فاتمە مهاجرانی گوتیشی، "ئێمە لە تووڕەیی خوێندکاران تێدەگەین، بەڵام دەبێت بەرەو گفتوگۆیەکی کاریگەر هەنگاو بنێین. دیالۆگ و عەقڵانییەت چارەسەرە نەک تووڕەیی و هەڵچوون. ئێمە پێمان وایە پێویستە نە زانست دابخرێت و نە دەنگی خۆپێشاندەران کپ بکرێت."
لە رۆژی شەممەوە لە چەندین زانکۆی تاران خۆپێشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایی دژی حکومەتی ئێران بەڕێوەدەچێت، تاوەکو ئێستا چەندین جار لەنێوان خوێندکارانی زانکۆ و هێزە ئەمنییەکانی نێو زانکۆکاندا گرژی دروستبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ