پارێزگای ورمێ پێویستی بە 800 قوتابخانەی نوێ هەیە

24-10-2025
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، کێشەی کەمیی قوتابخانە لە پارێزگاکە هەیە و بۆ چارەسەرکردنیشی پێویستە 800 قوتابخانەی نوێ دروست بکرێن.
 
عەلی ئەکبەر سەمیمی، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی پارێزگای ورمێ رۆژی پێنجشەممە لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ نوێنەرانی مامۆستایان، قوتابیان و ژمارەیەک خێرخواز بە ئامادەبوونی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، باسی کێشەی کەمیی قوتابخانە لە پارێزگای ورمێ کرد و رایگەیاند، "بۆ ئەوەی لەڕووی ژمارەی قوتابخانە و رووبەڕی پەروەردەییەوە بگەینە ئاستی تێکڕای ئێران، پێویستە 800 قوتابخانەی نوێ لە پارێزگاکە دروست بکرێن."
 
عەلی ئەکبەر سەمیمی گوتی، پلانێکی تایبەت بۆ دروستکردنی قوتابخانە لە پارێزگای ورمێ دانراوە و لەو چوارچێوەیەشدا دەست بە دروستکردنی 388 قوتابخانە لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکە کراوە.
 
بە گوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی پارێزگای ورمێ، ئەم ساڵ ژمارەی قوتابیانی سەرجەم قۆناخەکان لە پارێزگاکە زیاتر لە 700 هەزار قوتابییە.
 
لە لایەکی دیکەوە، یەعقوب رەزازادە، پەرلەمانتاری سەڵماس لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، 70٪ی قوتابخانەکانی پارێزگای ورمێ کۆنن.
 
رەزازادە گوتی، ژمارەیەک لەو قوتابخانانە پێویستیان بە نۆژنکردنەوەیە، بەڵام ژمارەیەکی دیکەش لە لێواری رووخاندان و پێویستە تێکبدرێن و سەرلەنوێ دروست بکرێنەوە.
 
پەرلەمانتاری سەڵماس هەروەها ئاماژە بە کەمیی پێداویستییەکانی ناوەندەکانی خوێندن لە پارێزگای ورمێ کرد و گوتی، زیاتر لە چوار هەزار و 500 قوتابخانەی حکومی و نزیکەی 600 قوتابخانەی کەرتی تایبەت لە پارێزگاکە پێویستیان بە کەرەستە و پێداویستیی کارگێری و تەکنیکی هەیە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران

موجتەبا خامنەیی سوپاسی حیزبوڵڵای لوبنان و گرووپە چەکدارەکانی عێراق دەکات بۆ چوونە نێو جەنگەکەوە

موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێ، هاوشێوەی هاووڵاتییانی دیکەی وڵاتەکەی، لە تەلەڤزیۆنەوە زانیویەتی کە بە رێبەری نوێ هەڵبژێردراوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات سوپای وڵاتەکەی درێژە بەو جەنگە دەدات لە رۆژی 28ی شوباتەوە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دەستی پێکردووە.