ئێران وەڵامی ترەمپ دەداتەوە: تۆمەتەکانت "درۆی گەورەن"

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی ئێران تۆمەتەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی بەرنامەی مووشەکی، ئەتۆمی و ژمارەی کوژراوانی خۆپێشاندانەکانی ئەو وڵاتە رەتدەکاتەوە و بە "درۆی گەورە" ناویان دەبات.
 
رۆژی چوارشەممە، 25ـی شوباتی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی، "هەرچییەکیان لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی، مووشەکیی بالیستی و ژمارەی قوربانیانی نائارامییەکانی مانگی کانوونی دووەمەوە گوتووە، تەنیا دووبارەکردنەوەی درۆی گەورەن."
 
ئەم پەیامەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دوای ئەوە هات، دۆناڵد ترەمپ لە گوتاری ساڵانەی خۆیدا لە کۆنگرێس رایگەیاند، تاران بەدوای پەرەپێدانی مووشەکێکەوەیە بتوانێت خاکی ئەمریکا بپێکێت.
 
پێشتر عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندبوو، وڵاتەکەی توانای بۆردوومانی خاکی ئەمریکای نییە، بەڵام هۆشداری دابوو، کە ئەگەر واشنتن هێرش بکاتە سەر ئێران، ئەوان بنکەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەنە ئامانج.
 
یەکێکی دیکە لە خاڵە ناکۆکەکانی نێوان تاران و واشنتن، ژمارەی کوژراوانی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییەی ئێرانە. دۆناڵد ترەمپ لە گوتارەکەیدا بانگەشەی ئەوەی کرد، دەسەڵاتدارانی ئێران 32 هەزار کەسیان لە خۆپێشاندانەکاندا کوشتووە.
 
بەڵام بەرپرسانی ئێران تەنیا دان بە کوژرانی 3 هەزار و 117 کەسدا دەنێن و ئەمریکا و ئیسرائیل بە هۆکاری خۆپێشاندانەکان دەزانن. لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی "هرانا" بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە کە زیاتر لە 7 هەزار کەس کوژراون و پێشبینیش دەکات ژمارەکە لەوەش زۆرتر بێت.
 
ئەم لێدوانە تووندانەی ترەمپ لەکاتێکدایە کە بڕیارە رۆژی پێنجشەممە گەڕی سێیەمی گفتوگۆکانی نێوان واشنتن و تاران بە نێوەندگیریی عومان دەستپێبکاتەوە.
 
ئەمریکا داوا دەکات ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم بەتەواوی رابگرێت و سنوورێک بۆ بەرنامە مووشەکییەکەی و پاڵپشتییەکانی بۆ گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە دابنێت، بەڵام تاران ئەو داواکارییانە رەتدەکاتەوە. هاوکات لەگەڵ ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانەدا، دۆناڵد ترەمپ هێزێکی دەریایی گەورەی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناردووە بۆ ئەوەی گوشارەکانی سەر تاران زیاتر بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە