وەزیری دەرەوەی ئێران: بەبێ مافی پیتاندنی یۆرانیۆم لەگەڵ ئەمریکا رێکناکەوین

25-05-2025
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بەبێ داننان بە مافی پیتاندنی یۆرانیۆم لە نێوخۆی ئێران، لەگەڵ ئەمریکا رێکناکەون. لەبارەی کاراکردنی میکانیزمی 'سناپ بەک'یش، هۆشداری دەداتە وڵاتانی ئەورووپی و دەڵێت، "کاردانەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر تووند دەبێت."
 
عەباس عێراقچی ئەمڕۆ لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران کۆبووەوە و رایگەیاند، کاتێک رێککەوتن دەکەن کە لایەنی ئەمریکی رازی بێت، ئێران لە پیتاندنی یۆرانیۆم بەردەوام بێت.
 
وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها رایگەیاند، هێشتا کات و شوێنی گەڕی شەشەمی دانوستاندنەکانی ئێران و ئەمریکا دیاری نەکراوە و دانوستاندنکارانی دوو وڵات سەرقاڵی تاوتوێکردنی ئەو پێشنیازانەن، کە لەلایەن وەزیری دەرەوەی عومانەوە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن خراونەتەڕوو.
 
عێراقچی لەبارەی کاراکردنی میکانیزمی سناپ بەکیش هۆشداری دەداتە وڵاتانی ئەورووپی و دەڵێت، ئەگەر ئەو کارە بکەن، کاردانەوەی تووندیان دەبێت. 
 
گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێرانیش لەبارەی کۆبوونەوەکەوە رایگەیاند: "عێراقچی راپۆرتێکی سەبارەت بە دانوستاندنی ناڕاستەوخۆی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و خولی پێنجەمی دانوستاندنەکان پێشکێشی ئەندامانی کۆمیسیۆن کرد."
 
بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا رایانگەیاندووە، ئەگەر  دانوستاندنەکانی ئێران لەگەڵ ئەمریکا نەگەنە ئەنجام و ئێران پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ نەکات، میکانیزمی سناپ بەکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کارا دەکەنەوە، کە بەهۆیەوە هەموو ئەو سزا نێودەوڵەتییانەی سەر ئێران دەگەڕێندرێنەوە، کە لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015، لە سەر ئەو وڵاتە هەڵگیراون.
 
بەپێی بەندەکانی 36 و 37ی رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015، ئەگەر هەریەکێک لە وڵاتانی ئەندام لە رێککەوتنەکەدا لە بەرامبەر هەر پێشێلکارییەکی ئەندامێکی دیکە، لە لیژنەی هاوبەشدا سکالا تۆمار بکات، ئەوا پرۆسەی سکاڵاکردن بە چەندین قۆناغی جیاواز دەست پێدەکات. ئەگەر ئەم هەنگاوانە شکستیان هێنا، سکاڵاکار دەتوانێت بابەتەکە بباتە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنەکە دەتوانێت لە ماوەی 30 رۆژدا بریار لە سەر گەڕاندنەوە یان هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی سەر ئێران بدات.
 
ئیبراهیم رەزایی گوتی: "وەزیری دەرەوە لە کۆبوونەوەکەدا جەختی کردەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ژێر زەبر و گوشاردا دانوستاندن ناکات و دیپلۆماسیی ئێمە بە شێوەیەکی زیرەکانە تەنیا لەبارەی پرسی بەرنامەی ئەتۆمی بەردەوامە، چۆنکە سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران روون و ئاشکرایە و گوشار، هەڕەشە و هاندان کاریگەرییان لێ ناکات."
 
گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتیمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران روونیکردەوە، عەباس عێراقچی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا ئاماژە بە دژایەتی ئیسرائیل بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم لە ناوخۆی ئێران و هەڕەشەکانی ئەو وڵاتە کرد و رایگەیاند: لە ئەگەری روودانی شەڕ لە ناوچەکەدا، هەموو وڵاتان زیانیان پێدەگات و  تەواوی ناوچەکە زەرەمەند دەبێت.
 
بە گوتەی ئیبراهیم رەزایی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژە بەو پێشنیازانە کرد کە لە دانوستاندنەکاندا سەبارەت بە پیتاندنی یۆرانیۆم خڕاونەتەڕوو و جەختی کردەوە: ئێمە پێشوازی لە دامەزراندنی ناوەندێکی پیتاندن لە ناوچەکە دەکەین، بەڵام پێویستە پیتاندنی یۆرانیۆم لە ناوخۆی وڵاتیش بەردەوام بێت."
 
رەزایی ئەوەشی خستەڕوو،  ئەندامانی لیژنەی ئاسایشی نیشتیمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمان بۆچوونی خۆیان لەسەر دانوستاندنەکان دەربڕی و جەختیان لەوە کردەوە، دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا هیچ سوودێکی نییە.
 
لە 12ی نیسانی 2025ـەوە پێنج گەڕی دانوستاندن لە نێوان شاندی ئێران بە سەرۆکایەتیی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە ناوبژیوانی عومان بەڕێوەچوون.
 

 

 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە