رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، تاوەکو ئێستا کات و شوێنی بەڕێوەچوونی گەڕی داهاتووی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا دیاری نەکراوە و ئەو هەواڵ و زانیارییانەی لەوبارەوە بڵاوکراونەتەوە، هیچ بنەمایەکیان نییە و راست نین.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ی ئایاری 2025، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "ئەو هەواڵانەی لە بارەی کات و شوێنی گفتوگۆکانەوە بڵاوکراونەتەوە، تەنیا مەزەندەی میدیایین، هیچ بنەمایەکیان نییە و راست نین. تاوەکو ئێستا کات و شوێنی گەڕی داهاتووی دانوستانەکان دیاری نەکراوە."
سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی پەیامێک بە ناوی وەزارەتی دەرەوەی عومانەوە لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان کە تێیدا ئاماژە بە کاتی بەڕێوەچوونی گەڕی شەشەمی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا دەکات، بەقایی گوتی: "پەیامەکە ساختەیە و راست نییە."
لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان پەیامێکی ساختە بە ناوی وەزارەتی دەرەوەی عومان بڵاوکراوەتەوە، کە تێیدا ئاماژە بەوە کراوە، گەڕی شەشەمی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، چوارشەممەی ئەم هەفتەیە 28ی ئایاری 2025 لە عومان بەڕێوەدەچێت.
لە 12ی نیسانی 2025ـەوە پێنج گەڕی دانوستاندن لە نێوان شاندی ئێران بە سەرۆکایەتیی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە ناوبژیوانی عومان بەڕێوەچوون، کە سێیان لە عومان و دووی دیکەشیان لە رۆمای پایتەختی ئیتالیا بوون.
گەڕی پێنجەمی دانوستاندنەکانی نێوان هەردوو وڵات، رۆژی هەینی، 23ی ئایاری 2025 لە رۆما بەڕێوەچوو.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە ئێکس نووسی: "گەڕی ئەم جارە پیشەییترین بوو و هەڵوێستی خۆمان بە روونی راگەیاند. هەڵوێستمان ئاشکرایە و لایەنی ئەمریکی ئێستا تێگەیشتنێکی باشتری هەیە."
عێراقچی گوتیشی: "وەزیری دەرەوەی عومان هەوڵی دا کۆسپەکانی نێوانمان لەگەڵ لایەنی ئەمریکی لاببات. گفتوگۆکانی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریکا ئاڵۆزن و پێویستمان بە زیاترە. بەو پێشنیازانەی سەڵتەنەتی عومان خستوونیەتیەڕوو، ئەگەری پێشکەوتن لە گفتوگۆکان هەیە."
بەدر بن حەمەد بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومانیش لە ئێکس نووسی: "لە کۆبوونەوەکەدا هەندێک پێشکەوتن هەبوو، بەڵام یەکلاییکەرەوە نەبوو. ئەو پرسانەی ماون لە چەند رۆژی داهاتوودا روون دەبنەوە."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی بە ئێران داوە کە ئەگەر بە رێککەوتن بەرنامە ئەتۆمییەکەی سنووردار نەکات، ئەوا هێرشی سەربازی دەکاتە سەر.
تاران بەردەوام رەتیکردووەتەوە ئامانجی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی بێت، بەڵام بەرزکردنەوەی رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم، گومانی لای رۆژئاواییەکان دروستکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ