ئێران بەشێک لە ئاسمانەکەی دەکاتەوە

25-06-2025
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی ئێران رایگەیاند بەشێک لە ئاسمانی وڵاتەکە دەکریتەوە و گەشتە ئاسمانییە ناوخۆیی و نێوەدەوڵەتییەکان دەستپێدەکەنەوە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2025، مەجید ئێخوان، گوتەبێژی وەزارەتی رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی ئێران رایگەیاند، دوای رەزامەندی لیژنەی هاوئاهەنگیی سەربازی و مەدەنی و رێکخراوی فڕۆکەوانی، پێداچوونەوە بە ئاسایش و سەلامەتی لە بارودۆخی ئێستای وڵاتدا، ئاسمانی نیوەی رۆژهەڵاتی وڵات بە رووی گەشتە نێودەوڵەتییەکانی ترانزێت و هەروەها گەشتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان لە رۆژهەڵاتی وڵات کرایەوە.
 
مەجید ئێخوان گوتی، "ئەو فڕۆکەخانانەی رێگەپێدراون لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ئێران گەشتیان تێدا بکرێت بریتین لە بۆجنوورد، سەبزەوار، مەشهەد، بیرجەند، زابۆل، زاهیدان، سەراوان، چابەهار، ئێرانشار، سەرخس، گۆناباد، جیرۆفت و جاسکە."
 
مەجید ئێخوان ئاماژەی بەوەشکرد، گەشته نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ سەرجەم فڕۆکەخانەکانی باكوور، باشوور و رۆژئاوای ئێران لە نێویشیاندا فڕۆکەخانەی مێهراباد و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئیمام خومەینی بە راگیراوی دەمێننەوە.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ گوتەبێژی وەزارەتی رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوە رایگەیاندبوو، راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان تاوەکو کاژێر 14ـی سبەی پێنجشەممە درێژکراونەتەوە.
 
رۆژی 13ـی حوزەیرانی 2025، بەهۆی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران، ئاسمانی ئێران بە رووی هاتووچۆی فڕۆکەکان داخرا.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە