رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران کوژرانی فەرماندەی گشتیی حیزبوڵـڵا لە بەیرووت سەرکۆنە دەکات و دەڵێت، تۆڵەی دەکەنەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 24ی تشرینی دووەمی 2025، سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا کوژرانی هەیسەم تەباتەبائی، فەرماندەی گشتیی حیزبوڵـڵای لە بەیرووت سەرکۆنە کرد و رایگەیاند: "مافی بەرەی مقاوەمە و حیزبوڵڵای لوبنان بۆ تۆڵەسەندنەوەی خوێنی جەنگاوەرە ئازاکانی ئیسلام پارێزراوە و لە کاتی دیاریکراویشدا وەڵامێکی تووند چاوەڕوانی تیرۆریستان دەکات."
سوپای پاسداران هەروەها رایگەیاندووە: "بە پێچەوانەی خەونی ئەمریکا و رژێمی زایۆنی و هاوبەشەکانیان، بەرەی مقاوەمە زیندووە و خوێنی شەهیدان نەک هەر نابێتە هۆی لەناوچوونی بەرخودان، بەڵکو بڵێسەی هیوا و ئیرادە لە ناخی خەڵکی ئازادی جیهان و خەباتگێڕانی دڵسۆز و ئازای مقاوەمە لە ناوچەکەدا هێندەی دیکە بەهێزتر دەکات."
رۆژی یەکشەممە 23ی تشرینی دووەمی 2025، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە بۆردوومانێکدا عەلی هەیسەم تەباتەبائی، فەرماندەی گشتیی حیزبوڵڵایان لە باشووری بەیرووت کوشتووە.
ئەوە لە لاتێکدایە، دوای دوو ساڵ جەنگ، تشرینی دووەمی رابردوو، حیزبوڵڵا و ئیسرائیل ئاگربەستیان راگەیاند. بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، لە دوای واژۆکردنی ئاگربەستەکەوە ئیسرائیل سەدان جار وڵاتەکەیانی بۆردوومان کردووە و زیاتر لە 330 کەس کوژراون.
هەیسەم تەباتەبائی، سوپاسالاری حیزبوڵڵا بوو، لەدوای نەعیم قاسم، ئەمنیداری گشتی، بە دووەم بەهێزترین کەسی نێو بزووتنەوەکە دادەنرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ