رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، عەباس عێراقچی لە چوارچێوەی گەشتێکیدا بۆ ئەورووپا، ئەمڕۆ بەرەو هۆڵەندا بەڕێکەوت. بڕیارە دوای سەردانی هۆڵەندا، عێراقچی سەردانی فەرەنساش بکات و لەگەڵ هاوتا فەرەنسییەکەی کۆببێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 25ی تشرینی دووەمی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە یەکەمین وێستگەی سەردانەکەیدا بۆ ئەورووپا، ئەمڕۆ گەیشتە شاری لاهای لە هۆڵەندا.
عەباس عێراقچی لە لاهای بەشداری لە کۆبوونەوەی ساڵانەی رێکخراوی بەڕەنگاربوونەوەی چەکی کیمیایی دەکات، کە ئەمڕۆ بەڕێوەدەچێت و تێیدا هەڵوێست و بۆچوونی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبارەی قەدەخەکردنی چەکە کۆکوژەکان دەخاتەڕوو.
عێراقچی هەروەها لەگەڵ وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا کۆدەبێتەوە.
دوای سەردانی بۆ هوڵەندا، بڕیارە ئەو وەزیرەی ئێران رۆژی چوارشەممە، 26ی تشرینی دووەم سەردانی فەرەنساش بکات و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش کۆدەبێتەوە.
ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، "وەزیری دەرەوە دوای بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ساڵانەی رێکخراوی بەڕەنگاربوونەوەی چەکە کیمیاییەکان کە لە هۆڵەندا بەڕێووەدەچێت، لەسەر بانگهێشتی هاوتا فەرەنسییەکەی، سەردانی پاریس دەکات."
بە گوتەی بەقائی، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ژان نۆیێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کۆدەبنەوە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات، پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل لە فەلەستین و لوبنان و هەروەها دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران تاوتوێ دەکەن.
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنساش لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ژان نۆیێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە رۆژی چوارشەممە لە پاریس لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆدەبێتەوە و لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، پرسە ناوچەییەکان و بارودۆخی دوو هاووڵاتییە فەرەنسییە، کە لە دوای ئازادکردنیەوە رێگەیان پێنەدراوە ئێران بەجێبهێڵن، گفتوگۆ دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ