عێراقچی: لە ئەگەری هێرشی ئەمریکادا بنکە سەربازییەکانیان دەبنە ئامانجمان

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری دەداتە واشنتن و رایدەگەیێنێت، ئەگەر ئەمریکا هێرش بکاتە سەر وڵاتەکەیان، ئەوا ئەوانیش هێرش دەکەنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا. هاوکات، ئیسرائیلیش بە دەستوەردان لە خۆپێشاندانەکانی نێوخۆی ئێران تۆمەتبار دەکات.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە (25ـی شوباتی 2026)، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیایەکی هیندستانیدا سەبارەت بە ئەگەری هێرشی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەی رایگەیاند: "ئەگەر، خوا نەخواستە، ویلایەتە یەکگرتووەکان بڕیاربدات هێرشمان بکاتە سەر، ئەوا بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەبنە ئامانجی رەوامان."
 
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی: "ئێمە وەک بنکەی ئەمریکی سەیری ئەو شوێنانە دەکەین، نەک وەک خاکی دراوسێکانمان یان ئەو وڵاتانەی بنکەکانیان تێدا جێگیر کراوە."
 
عێراقچی ئاماژەی بە رووداوەکانی حوزەیرانی رابردوو کرد و گوتی: "جاری پێشوو، کاتێک هیچ چارەیەکمان نەمابوو جگە لە هێرشکردنە سەر بنکە ئەمریکییەکە لە قەتەر، دەستبەجێ پەیوەندیم بە برا ئازیزەکەم، وەزیری دەرەوەی قەتەرەوە کرد، تەنانەت پێش هێرشەکە پێشوەختە ئاگادارم کردەوە و بە روونی پێمگوت ئەمە هێرش نییە بۆ سەر قەتەر، بەڵکو هێرشە بۆ سەر دامەزراوەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە؛ ویستمان لەو جیاکارییە تێبگەن."
 
لە مانگی حوزەیرانی پار و لە کاتی جەنگی 12 رۆژەی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، ئێران هێرشیکردە سەر بنکە سەربازییەکەی ئەمریکا لە قەتەر و وەک وەڵامێک بۆ هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل ناوزەدی کرد.
 
ئەمریکا ژمارەیەک بنکەی سەربازی و ئاسمانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەیە، کە دیارترینیان لە کوێت، قەتەر، ئوردن و عێراقن. 
 
ئەم گوتانەی وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاتێکدان کە بڕیارە ئەمڕۆ لە جنێڤ شاندی تاران و واشنتن بۆ سێیەمین گەڕی دانوستاندن کۆببنەوە.
 
ئیسرائیل و خۆپێشاندانەکانی ئێران
 
لە مانگی کانوونی یەکەمی پاردا، ناڕەزایەتی دژی حکومەت لە ئێران دەستیپێکرد و دواتر فراوان بوو بۆ خۆپێشاندانی سەرتاسەری. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن لەو خۆپێشاندانانەدا هەزاران کەس کوژراون و بەشێکیان ئامارەکە بە زیاتر لە 20 هەزار کەس مەزەندە دەکەن.
 
ئەو کات بەرپرسانی تاران، ئیسرائیلیان بە دەستوەردان لە کوشتنی خۆپێشاندەراندا تۆمەتبار کرد، گوایە ئامانجیان ئەوەیە وا لە ئەمریکا بکەن هێرش بکاتە سەر ئێران. ئەمەش دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریدا، ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لە کوشتنی خۆپێشاندەران، هێرشیان دەکەنە سەر.
 
لەبارەی ئەو خۆپێشاندانانەوە عێراقچی گوتی: "بۆمان دەرکەوت رێنماییەکان لە دەرەوەی وڵاتەوە دەهاتن. ئۆپەراسیۆنێکە زۆر بەوردی داڕێژراو بوو لە دەرەوە و لەلایەن ئیسرائیلەوە ئاراستە دەکرا، پێدەچێت ئامانج لێی دروستکردنی شتێک بێت هاوشێوەی کودەتا لە ئێراندا."
 
وەزیری دەرەوەی ئێران زیاتر روونیکردەوە: "سەدان چەکدار لەناکاو لە زۆربەی شارەکانی ئێران دەرکەوتن کە هاوشێوەی گرووپە تیرۆریستییەکان رەفتاریان دەکرد؛ هەندێک لە ئەفسەرانی پۆلیس سەربڕدران و هەندێکی دیکەشیان بە زیندوویی سووتێندران. پاشان دەستیان کرد بە تەقەکردنی هەڕەمەکی لە خەڵک؛ ئەوەی لای ئێمە زۆر سەیر بوو، تەنانەت هەندێک لە خۆپێشاندەرانیش دەکوژران."
 
ئەمریکا کەشتیی فڕۆکەهەڵگری (یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکن)ـی لە کەناراوەکانی عومان جێگیرکردووە، کە تەنیا 700 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی ئێرانەوە دوورە. هەروەها، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری (یو ئێس ئێس جێراڵد فۆرد)ـیش بەرەو سنوورەکانی ئیسرائیل بەڕێوەیە و ئێستا لە نزیک دوورگەی کریتی یۆنانە.
 
تاوەکو ئێستا ئەمریکا دوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگر (کە لەلایەن 5,600 سەربازەوە بەڕێوەدەبرێن)، 16 کەشتیی هاوەڵ، نزیکەی 120 فڕۆکەی جۆری (F-35، F-22، F-16، F-15)، فڕۆکەی سووتەمەنیهەڵگر، فڕۆکەی گواستنەوەی کەلوپەلی سەربازیی قورس و فڕۆکەی چاودێری و هەواڵگری گواستووەتەوە ناوچەکە.
 
کۆکردنەوەی ئەم هێزە زەبەلاحەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا لە کاتێکدایە، پێشبینی دەکرێت کۆبوونەوەی سبەی تاران و واشنتن لە جنێڤ، دوایین دەرفەت بێت پێش بڕیاردان لەبارەی ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فاتمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران

گوتەبێژی حکومەتی ئێران: ناڕەزایەتی دەربڕین مافە، بەڵام نابێت هێڵە سوورەکان ببەزێندرێن

فاتمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران رووداوەکانی کاتی ناڕەزاییەکانی ئەم دواییە وەک "برینێکی لەبیرنەکراو لە دڵی هەموو تاکێک" ناودەبات و دەڵێت، "ناڕەزایەتی دەربڕین مافی خەڵکە، بەڵام نابێت هێڵە سوورەکان ببەزێندرێن."