رووداو دیجیتاڵ
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران جارێکی دیکە جەختی کردەوە کە تاران هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نادات و رایدەگەیێنێت، ئەم کارە لەگەڵ بڕیارنامەی وڵاتەکەی و رێنماییەکانی رێبەری باڵا ناگونجێت.
رۆژی پێنجشەممە، 26-02-2026، مەسعود پزیشکیان لە گوتارێکدا رایگەیاند: "رێبەری باڵای وڵاتەکەمان پێشتر ئەوەی روونکردووەتەوە کە ئێمە بەهیچ شێوەیەک چەکی ئەتۆمیمان نابێت."
پزیشکیان ئاماژەی بەوەش کرد، پابەندبوونی وڵاتەکەی بەو بڕیارە پەیوەندیی بە بیروباوەڕ و بنەماکانی کۆماری ئیسلامییەوە هەیە و گوتی: "تەنانەت ئەگەر من بمویستایە بەو ئاراستەیەدا هەنگاو بنێم، نەمدەتوانی؛ چونکە رێگەم پێنەدراوە."
ئەم لێدوانانەی پزیشکیان لەکاتێکدایە، بڕیارە ئەمڕۆ شاندێکی ئێران و ئەمریکا لە سویسرا کۆببنەوە. کۆبوونەوەکە هاوکاتە لەگەڵ بڵاوکردنەوەی هێزێکی زۆری سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا کە لە چەند دەیەی رابردوودا هاوشێوەی نەبووە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، چەندین جار هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە ئەگەر گفتوگۆکان شکستیان هێنا، بژارەی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران بەکاردەهێنێت. پزیشکیان لە پەیامێکی توونددا بۆ واشنتن رایگەیاند، هێرشی سەربازی ناتوانێت ئێران پەکبخات و گوتی: "ئەگەر ئەوان هێرشمان بکەنە سەر، سەدان کەسی دیکەی وەک ئێمە هەڵدەستنەوە و وڵات بەڕێوەدەبەن."
لە کۆتایی گوتارەکەیدا، سەرۆککۆماری ئێران داوای یەکڕیزیی ناوخۆیی کرد و جەختی کردەوە: "ئەگەر ئێمە پێکەوە بین و دەست لەناو دەست بین، هیچ هێزێک لە جیهاندا ناتوانێت وڵاتەکەمان بوەستێنێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ