لێدوانی نوێی ئێران لەبارەی پیتاندنی یۆرانیۆم: هێڵی سوورە و نایوەستێنین

26-05-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەتی دەکاتەوە وڵاتەکەی لەپێناو هیچ رێککەوتنێکی ئەتۆمیدا پیتاندنی یۆرانیۆم بوەستێنێت.
 
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، تاران وەستاندنی پیتاندنی یۆرانیۆم وەک "هێڵی سوور" لە دانوستاندنەکاندا باس دەکات، لە کاتێکدا بەشێک لە بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، ئەوە مەرجە بۆ واژۆکردنی هەر رێککەوتنێکی نوێ.
 
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتیشی، هێشتا کاتی گەڕی شەشەمی دانوستاندنەکان لەگەڵ واشنتن دیاری نەکراوە.
 
ئەوەش لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دانوستاندنەکانی نێوان واشنتن و تارانی بە "زۆر زۆر باش" ناوبرد.
 
ترەمپ رۆژی یەکشەممە بە کاتی واشنتن (دووشەممە بە کاتی هەولێر) لە نیوجێرزی گوتی، لە دوایین گەڕی دانوستاندنەکان کە رۆژی هەینی لە رۆما بوو، "پێشکەوتنی راستەقینە و جیدی" بەدەست هات. 
 
گفتوگۆکان کە بە نێوەندگیریی عومان لە مانگی نیسان دەستیانپێکرد، بەرزترین ئاستی پەیوەندیی نێوان دوو وڵاتەکەن لەو کاتەوەی ئەمریکا لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیی ترەمپدا لە رێککەوتنی ئەتۆمیی مێژوویی ساڵی 2015 کشایەوە.
 
لەو کاتەوەی وەک سەرۆک دەست بەکاربووەتەوە، ترەمپ هەڵمەتی "ئەوپەڕی گوشار"ی لەسەر ئێران کارا کردەوە. ئەگەرچی ترەمپ پشتیوانی لەوە دەکات بە گفتوگۆ بابەتەکە چارەسەر بێت، هۆشداری بە ئێران داوە کە ئەگەر دیپلۆماسی شکست بێنێت، ئەوا وڵاتەکە بۆردوومان دەکرێت.
 
ئێران رێککەوتنێکی نوێی دەوێت بۆ ئەوەی ئەو سزایانە سووک بکات کە زیانێکی زۆریان بە ئابوورییەکەی گەیاندووە.
 
دوای دوایین خولی دانوستاندن، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە و سەرۆکی شاندی ئێرانی، لە بایەخی پێشکەوتنەکەی کەمکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە "دانوستاندنەکان زۆر لەوە ئاڵۆزترن لە دوو سێ کۆبوونەوەدا چارەسەر بکرێن."
 
بەدر بووسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومانیش لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، گەڕی پێنجەم "بە هەندێک پێشکەوتنی یەکلایینەکەرەوە" کۆتایی هات و هیوادارە "پرسە ماوەکان" لە رۆژانی داهاتوودا روون بکرێنەوە.
 
ترەمپ گوتی، گفتوگۆ بەردەوامەکان "زۆر زۆر باشن".
 
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی: "پێم وایە رەنگە هەندێک هەواڵی خۆشمان لە بەرەی ئێرانەوە هەبێت" و رەنگە "لە دوو رۆژی داهاتوودا" شتێک رابگەیێندرێت.
 
دوای ئەوەی کە ئەمریکا لە ساڵی 2018 لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە و سزای بەسەر ئێراندا سەپاندەوە، تاران قۆناخ بە قۆناخ پابەندبوونی خۆی بە رێککەوتنەکەوە کەمکردەوە و دەستی بەرزکردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم کرد. 
 
بە گوێرەی رێککەوتنەکە، پێویستە ئێران یۆرانیۆم بە رێژەی 3.67 زیاتر یۆرانیۆم نەپیتێنێت، بەڵام ئێستا رێژەکەی گەیاندووەتە 60٪ کە چەند هەنگاوێکی تەکنیکی کەمی پێویستە بۆ ئەوەی بگاتە 90٪ لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمیدا بتوانێ بەکاری بێنێت. 
 
تاران بەردەوام تۆمەتی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی رەتکردووەتەوە و جەختیکردووەتەوە ئامانجی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەنیا دروستکردنی وزەی کارەبا و لێکۆڵینەوەی پزیشکییە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە