رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پەروەردەی ئێران رایگەیاند، لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا بۆ سەر ئێران، 20 قوتابی لە ناوچە جیاوازەکانی وڵاتەکەی گیانیان لەدەستداوە.
رۆژی پێنجشەممە، 26ی حوزەیرانی 2025، عەلیڕەزا کازمی، وەزیری پەروەردەی ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی پەروەردە لە شاری مەشهەد لە باکووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، باسی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کرد و رایگەیاند، "لە ماوەی 12 رۆژی دەستدرێژییەکانی رژێمی زایۆنیدا، 20 قوتابی لە ناوچە جیاوازەکانی ئێران گیانیان لەدەستداوە."
وەزیری پەروەردەی ئێران هەروەها رایگەیاند، "لە هێرشەکاندا بەشێک لە قوتابخانەکانیش زیانیان بەرکەوتووە، بەڵام قەبارەی زیانەکان زۆر نییە."
رۆژی چوارشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2025، وەزارەتی تەندروستیی ئێران نوێترین ئاماری قوربانییانی جەنگی وڵاتەکەی و ئیسرائیلی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران 627 کەس کوژراون و چوار هەزار و 780 کەسی دیکەش بریندار بوون.
بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، زۆرترین قوربانی و بریندار لە پارێزگاکانی تاران و کرماشان بوونە.
جەنگەکە بەرەبەیانی رۆژی 13ی مانگ بە هێرشی ئیسرائیل دەستیپێکرد و دواتریش ئێران بە هێرشی مووشەکی وەڵامی دایەوە.
رۆژی سێشەممە، 24ـی حوزەیرانی 2025، دوای 12 رۆژ لە جەنگ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی شەڕی لە نێوان ئێران و ئیسرائیل راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ