رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی پارێزگای فارس لە باشووری رۆژئاوای ئێران دەڵێت، 47 کەس لەو پارێزگایە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە تۆمەتی "سیخوڕی و هاوکاریکردنی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل، مۆساد" دەستگیر کراون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ی حوزەیرانی 2025، سەدروڵڵا رەجایی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی پارێزگای فارس رایگەیاند، "ئەم کەسانە کردەوەیەکی دووژمنکارانەیان کردووە و هاوکاریی کەسانی سەر بە دووژمنیان کردووە."
بە گوتەی سەدرۆڵڵا رەجایی، دوای لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، لە دادگە دۆسیەی یاسایی لە دژی ئەم کەسانە کراوەتەوە و بە زووترین کات دادگەیی دەکرێن.
لە پارێزگای خوزستان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێرانیش 26 کەس بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ مۆساد" و "هاوکاریکردنی ئیسرائیل" دەستبەسەرکراون.
لقی سوپای پاسداران لە پارێزگای خوزستان ئەمڕۆ رایگەیاند، ئەو کەسانە هەوڵی تێکدانی ئاسایشی وڵاتیان داوە و دانیان بە تاوانەکانیان داناوە و دوێنێ چوارشەممە دەستگیرکراون.
دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، لە چەند رۆژی رابردوودا بە دەیان کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ مۆساد و هاوکاریکردنی ئیسرائیل، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکراون.
بەپێی دوایین ئامار کە میدیاکانای ئێران بڵاویان کردووەتەوە، هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە لە ماوەی 12 رۆژدا زیاتر 700 کەسیان بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ مۆساد دەستبەسەر کردووە.
غوڵامحوسێن موحسینی ئێژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رایگەیاندووە، "بۆ دۆسیە ئەمنییەکان، بە تایبەت ئەوانەی کە بە جۆرێک لە جۆرەکان پەیوەندییان بە هاوکاریکردنی رژێمی داگیرکەرەوە هەیە، یان وەکو تابووری پێنجەم چالاکیان کردووە، دەمانەوێت پرۆسەی دادگەییکردنەکە خێراتر بکەین."
بەرەبەیانی رۆژی 13ی مانگ ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران و دواتریش ئێران وەڵامی دایەوە.
رۆژی سێشەممە، 24ـی حوزەیرانی 2025، دوای 12 رۆژ لە جەنگ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی لە نێوان ئێران و ئیسرائیل راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ