رووداو دیجیتاڵ
لە هێرشێکدا بۆسەر باڵەخانەی دەسەڵاتی دادوەریی پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە شاری زاهیدانی ئێران، سێ لە هێرشکارەکان و 6 کەسی دیکە کوژران، 22 کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەیانیی ئەمڕۆ شەممە 26ی تەممووزی 2025 ژمارەیەک چەکدار هێرشیان کردە سەر باڵەخانەی دەسەڵاتی دادوەریی پارێزگای سیستان و بەلووچستان، کە دەکەوێتە شەقامی ئازادیی شاری زاهیدان.
بەگوێرەی میدیای ئێران، چەکدارە هێرشکارەکان چوونەتە نێو باڵەخانەکەوە، تەقەیان کردووە و پێکدادان لەنێوان هێرشکارەکان و هێزە ئەمنییەکانی نێو باڵەخانەی دادی زاهیدان دروستبووە.
تیمەکانی فریاکەوتن و پۆلیس چوونە شوێنی رووداوەکە، هەروەها هێزێکی زۆری ئەمنی لە ناوچەکە بڵاوەی پێکرا.
قەرارگەی قودسی هێزی زەوینیی سوپای پاسداران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، هێرشەکەی سەر باڵەخانەکەی بە "تیرۆریستی" ناوبرد و رایگەیاند، هێزەکانیان رووبەڕووی چەکدارە هێرشکارەکان بوونەتەوە و لە ئەنجامدا سێ چەکدار کوژراون.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە هێرشەکەدا 6 کەسی دیکە کوژراون و 22 کەسیش برینداربوون.
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لەنێو قوربانییەکاندا ژنێک و منداڵێک هەن. دۆخی تەندروستیی ژمارەیەک لە بریندارانیش خراپە."
قەرارگەی قودسی هێزی زەوینیی سوپای پاسداران دەشڵێت، ئێستا دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵی هێزە ئەمنییەکاندایە.
گرووپی سوننە مەزهەبی جەیشولعەدل کە گرووپێکی چەکداری بەلووچەکانە لە ئێران و پێگەکانی لەنێو پاکستاندان، لە راگەیێندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تەلەگرام بەرپرسیاریێتی هێرشەکەی ئەمڕۆ لە ئەستۆ گرت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ