ئێران دەڵێت "بە هەموو تواناوە" بۆ رێگریکردن لە سەپاندنەوەی سزاکان دانوستاندن دەکات

26-08-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئێران دەڵێت "بە هەموو توانا"ی خۆی دانوستاندن لەگەڵ ئەورووپییەکان دەکات بۆئەوەی رێگری لە سەپاندنەوەی سزا نێودەوڵەتییەکان بکات.
 
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە 26ی ئاب، دیپلۆماتەکانی ئێران لە جنێڤی سویسرا لەگەڵ هاوتا ئەڵمانی، بەریتانی و فەرەنسییەکانیان کۆببنەوە بۆ ئەوەی دانوستاندن لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بکەن.
 
ئەورووپییەکان هەڕەشەیان کردووە کە ئەگەر تاران پیتاندنی یۆرانیۆم سنووردار نەکات و هاوئاهەنگی لەگەڵ چاودێرانی نێودەوڵەتی نەکات، ئەوا ئەو سزا نێودەوڵەتییانەی بەسەردا دەسەپێننەوە کە دوای رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 لەسەری هەڵگیرابوون.
 
لەو بارەیەوە، ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ سێشەممە گوتی، "سەرنجمان لەسەر رێگریکردنە لەو هەنگاو و رووداوانەی کە دەکرێت زیان بە وڵاتەکەمان بگەیێنن."
 
بەقائی لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی، "بە هەموو توانامانەوە دانوستاندن دەکەین."
 
ئەمە دووەم گەڕی دانوستاندن دەبێت لەنێوان دیپلۆماتکارانی ئێرانی و ئەورووپی لەدوای جەنگە 12 رۆژییەکەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، کە لە نێوەڕاستی مانگی حوزەیراندا هەڵگیرسا.
 
جەنگەکە، کە بەهۆی هێرشێکی چاوەڕواننەکراوی ئیسرائیلەوە دەستیپێکرد، دانوستاندنە ئەتۆمییەکانی تارانی لەگەڵ ئەمریکا لەباربرد و وایکرد ئێران هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی چاودێریی ئەتۆمیی نەتەوە یەکگرتووەکان رابگرێت.
 
ئێران جەخت لەوە دەکاتەوە کە زلهێزە ئەورووپییەکان هیچ بنەمایەکی "یاسایی و ئەخلاقییان" نییە بۆ کاراکردنەوەی میکانیزمی گەڕانەوەی سزاکان.
 
بەقائی گوتی، "رێگە نادەین ئەم پرسە ببێتە ئامرازێکی شەڕی دەروونی دژی هاووڵاتییانمان."
 
ماوەی کاراکردنی میکانیزمەکە لە مانگی تشرینی یەکەمدا کۆتایی دێت کە دوای ئەوە سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەمیشە هەڵدەگیرێن، بەڵام بەگوێرەی رۆژنامەی "فاینانشیاڵ تایمز"، ئەورووپییەکان پێشنیازی پاشخستنی ئەو وادەیەیان کردووە.
 
ئێران مافی ئەورووپییەکانی بۆ درێژکردنەوەی وادەکە رەتکردووەتەوە و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بەم دواییانە رایگەیاند کە تاران لەگەڵ هاوپەیمانەکانی، چین و رووسیا، کاردەکات بۆ رێگریکردن لە سەپاندنەوەی سزاکان.
 
رێککەوتنە ئەتۆمییەکە لە ساڵی 2018دا پەکخرا، کاتێک دۆناڵد ترەمپ، لە یەکەم خولی سەرۆکایەتییدا، بە شێوەیەکی تاکلایەنە ئەمریکای لێ کشاندەوە و سزای قورسی بەسەر ئێراندا سەپاند.
 
تەنیا پێش جەنگەکەی ئەم دواییەی لەگەڵ ئیسرائیلدا، ئێران پێنج گەڕی دانوستاندنی لەگەڵ ئەمریکا ئەنجامدا بە ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
 
هێرشەکەی ئیسرائیل بووە هۆی کوژرانی فەرماندە باڵاکان، زانایانی ئەتۆمی و سەدان کەسی دیکە و زیانی بە دامەزراوە سەربازییەکان و ناوچەی نیشتەجێبوون گەیاند.
 
ئێرانیش بە هێرشی چڕی مووشەکی بالیستیکی وەڵامی دایەوە و شارەکانی ئیسرائیلی کردە ئامانج.
 
جەنگەکە هەروەها هێرشی ئەمریکای بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی بەخۆیەوە بینی.
 
لە 24ی حوزەیرانەوە ئاگربەست لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە