رووداو دیجیتاڵ
شارەزایانی بواری مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی مامەڵەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لەگەڵ خۆپێشاندانەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی دەکەن و بە "سەرکوتکردن و کوشتن"ـی خۆپێشاندەران تۆمەتباریان دەکەن.
لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە، 26-10-2022 بڵاویانکردووەتەوە، شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن، ئەو راپۆرتانەی پێیانگەیشتوون باس لەوە دەکەن کە هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە پاڵ کوشتن، چەندین پێشێڵکاریی دیکەیان دژی خۆپێشاندەران کردووە، لەوانەش دەستگیرکردنی هەڕەمەکی، تووندوتیژی لەسەر بنەمای رەگەز، بەکارهێنانی لەڕادەبەدەری هێز، ئەشکەنجەدان و بێسەروشوێنکردن.
شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکەن لێکۆڵینەوەیەکی "سەربەخۆ و ورد" لەو راپۆرتانە بکرێت. دەشڵێن: "ئێمە بە قووڵیی نیگەرانین لە هەواڵی بەردەوامی بەکارهێنانی نایاسایی و بەمەبەستی چەک و گوللـە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دژی خۆپێشاندەرانی ئاشتییانەی بێچەک، کە ئەوە پێشێڵکارییە دژی بنەما یاساییەکان."
راگەیێندراوەکە هاوکات ئاماژە بەوە دەکات: "ژمارەیەکی زۆری خۆپێشاندەران دەستگیرکراون و کوژراون کە زۆربەیان منداڵ، ژن و خەڵکی بەتەمەنن. پێویستە حکومەت فەرمان بۆ پۆلیس دەربکات بۆئەوەی دەستبەجێ بەکارهێنانی لەڕادەبەر و کوشندەی هێز رابگرن و دانبەخۆدابگرن."
لێکۆڵەرانی بواری مافی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی دەدەن کە ئەو راپۆرتانەی باس لەوە دەکەن تووندوتیژیی جەستەیی و سێکسی دژی ژنان و کچان لە ماوەی خۆپێشاندانەکان و لە شوێنە گشتییەکان بەکارهێنراوە، مایەی ترس و دڵەڕاوکێن.
دەشڵێن: "ئێمە ئەم پێشلکارییانە وەکو درێژەی ئەو جیاکارییە کۆن و زەقە دەبینین کە لەسەر بنەمای رەگەز لە یاسا، سیاسەت و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکاندا هەیە کە ئەمانە هەمووی بۆ ژنان و کچانی نێو وڵاتەکە لە چەند دەیەی رابردوودا "وێرانکەر بوون."
لە 16ی ئەیلوولەوە دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، کچە کوردی خەڵکی شاری سەقز کە بە تۆمەتی نەگونجانی شێوازی سەرپۆشینەکەی لە تاران لە لایەن پۆلیسی رەوشتەوە دەستگیرکرا و دواتر گیانی لەدەستدا، خۆپێشاندان شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە. بەگوتەی باوکی، ژینا بەهۆی لێدانی لە لایەن پۆلیسی رەوشتەوە گیانی لەدەستداوە.
لە دەستپێکی خۆپێشاندانەکانەوە چەندین جار ئینتەرنێت لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان پچڕاوە و خەڵکەکە نەیانتوانیوە دەستیان بە زانیاری بگات یان بڵاویبکەنەوە، لەوانەش لەبارەی ئەو پێشێڵکارییانەی کە گوایە دژی مافەکانی مرۆڤ دەکرێن.
شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیێندراوەکەیاندا باس لەوە دەکەن، دەنگۆی تۆقاندن و هەراسانکردنی خێزانی خۆپێشاندەرانیش هەیە. ئەو راپۆرتانە پێشانیدەدەن کە ئەندامانی خێزانی خۆپێشاندەران بەشێوەیەکی نایاسایی لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت و زانیاریی هەڵە بە ئەندامانی ئەو خۆپێشاندەرانە دەدرێت کە کوژراون، بە جۆرێک کە پێیاندەگوترێت، ئەوان "ئاژاوەگێڕ" بوون و کاریان بۆ "دوژمنانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە."
شارەزایان باس لەوە دەکەن، پێشتر داوایان لە حکومەتی ئێران کردووە بەو ئەرکانەی جێبەجێ بکات کە یاسای نێودەوڵەتی بۆی دیاریکردوون، بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەی بێلایەن، سەربەخۆ و کاریگەر بە شێوەیەکی خێرا و شەفافانە بکات، "تاوەکو دڵنیایی بدرێت لە لێپرسینەوەی تاوانکاران و بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ قوربانییانی پێشێلکارییەکان و ئاشکراکردنی راستی و قەرەبووکردنەوەیان، بەڵام ئەو لێکۆڵینەوانەی لە گیانلەدەستدانی ئەمینی کراون، هەروەها ئەوانەی دواتریش وا دەردەکەون کە سەرەکیترین مەرجەکانی سەربەخۆیی و بێلایەنییان تێدا نییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ