رووداو دیجیتاڵ
جاران بازاڕی تاناکۆڕا لە مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان دەیان هەزار روویان تێدەکرد و بازاڕەکە گەرموگوڕ بوو، بەڵام ئێستا بەهۆی دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانییەوە بازاڕەکە گەرموگوڕی تێدانەماوە گەشتیاران کەمتر رووی تێدەکەن. کڕیارێک دەڵێت، 10 هێندە نرخەکان زیادییان کردووە."
مەسعود ئازادمەنیش، دووکاندارێکە لە بازاڕەکە دەڵێت، "بەهای شتەکان زۆر زیادییان کردووە، هەندێک شتومەک 10 بۆ 15 هێندە زیادی کردووە، بەداخەوە توانای مادی خەڵک زۆر دابەزیوە، ئەوانەی لە رابردوو هاتووچۆی ئێرەیان دەکرد زۆر کەمبوونەتەوە."
دووکاندارانی تاناکۆڕا شتوومەک بە دۆلار و دراوە بیانییەکانی دیکە دەکڕن، بۆیە بەهای تمەن بەرامبەر دراوە بیانییەکان کاریگەری راستەوخۆی لەسەر نرخی شتوومەکی نێو بازاڕەکە داناوە.
حوسێن محەممەدی، خەڵکی تەورێزە، بە گەشت هاتووەتە بازاڕەکە، "پێشتر دەهاتینە ئێرە شتەکانی هەرزان بوو، بەڵام ئێستا زۆر گرانە. دەچینە دووکانەکان هیچ داشکاندنێک نەماوە. لەوەتەی بەهای دۆلار بەرزبووەتەوە، هەموو شت گرانبووە و توانای کڕینمان نەماوە. نرخی شتێک کە جاران بە 100 هەزار تمەن دەمانکڕی، ئێستا گەیشتووەتە سەرووی یەک ملیۆن تمەن."
پێشتر تاناکۆڕای مهاباد بەوە بەنێوبانگ بوو کە بۆ کەسانی هەبوو و کەسانی نەبوو دەبێت. ئەوانەی دۆخی ئابوورییان باشیش نەبوو دەیانتوانی پێداویستییەکانیانی لێ دابین بکەن، بەڵام ئێستا بەو شێوەیە نەماوە. دووکانداران دەڵێن، جگە لە دابەزینی بەهای تمەن، بەرزبوونەوەی تێچووی هاوردەکردن و کوالێتی باشی شتوومەکەکانیش هۆکار ئەو گرانییەن.
رەشاد سەفەری، دووکاندارێکی دیکەیە لە بازاڕی تاناکۆڕای مهاباد باس لەوە دەکات، "دروستە گران دەکەوێت، سەختی خۆی هەیە ئەویش کە کۆڵبەر بە قاچاخ دەیهێنێتەوە. ئێمە کەلوپەلەکان بە دڵنیایی ئەسڵی دەیدەین بە خەڵکی."
بازاڕی تاناکۆڕای مهاباد نزیکەی 30 ساڵە کراوەتەوە. سەرەتا تەنیا چەند کەپرێک بوو، بەڵام ئێستا بازاڕێکی گەورەی دوو نهۆمییە. نهۆمی خوارەوەی زیاتر لە 900 دووکان و نهۆمی سەرەوەش 575 دووکانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ