رووداو دیجیتاڵ
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران "نیازی شەڕەنگێزانە"ی رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی سەرکۆنە دەکات، ئەوەش دوای ئەوەی کە گرۆسی چەندینجار داوای کرد مۆڵەتی پێ بدرێت سەردانی ئەو بنکە ئەتۆمییانە بکات کە کەوتوونەتە بەر بۆردوومانی ئیسرائیل و ئەمریکا.
عێراقچی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "سووربوونی [گرۆسی] لەسەر سەردانیکردنی ئەو شوێنانەی بۆردوومان کراون، بێمانایە و رەنگە نیشانەی نیازی شەڕەنگێزانە بێت."
وەزیری دەرەوەی ئێران رەخنەی لەوەش گرت کە بەڕێوەبەری ئاژانسە نێودەوڵەتییەکە هێرشەکانی سەر دامەزراوەکانی ئێرانی سەرکۆنە نەکردووە.
13ی حوزەیران، ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکان، زانایان و سەرکردە سەربازییەکانی ئێران، لە هەوڵێکدا بۆ کۆتاییهێنان بە پرۆگرامی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە.
رۆژی یەکشەممە 22-6-2025یش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، فەرمانی بە بۆردوومانکردنی سێ دامەزراوەی ئەتۆمیی ئێران لە ئەسفەهان، نەتەنز و هەروەها بنکەی پیتاندنی یۆرانیۆمی فۆردۆ کرد، کە ئەوەی دواییان لەژێر شاخێک لە باشووری تاران دروستکراوە.
پێنتاگۆن جەخت لەوە دەکاتەوە کە هێرشەکان "پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێرانیان لەنێوبردووە"، بەڵام شارەزایان پێیان وایە ئێستا ئەستەمە هەڵسەنگاندنێکی ورد بۆ قەبارەی زیانەکان بکرێت، بەتایبەتی لە بنکەی فۆردۆ کە هەزاران ئامێری پیتاندنی یۆرانیۆمی تێدایە.
رۆژی دووشەممە، گرۆسی داوایکرد رێگەیان پێبدرێت بگەنە ئەو بنکە ئەتۆمییانەی ئێران کراونەتە ئامانجی هێرشە ئەمریکییەکان، بۆ ئەوەی لە چارەنووسی یۆرانیۆمی پیتێندراو ئاگاداربن.
دوێنێ پێنجشەممە، ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران، کە دەسەڵاتی پێداچوونەوە بە یاساکانی هەیە، رایگەیاند پڕۆژەیاسایەکی بۆ هەڵپەساردنی هاوئاهەنگی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم پەسندکردووە. ئەوەش رۆژێک دوای ئەوە هات کە پەرلەمانتارانی ئێران دوای شەڕی دوازدە رۆژە، دەنگیان لەسەر دا.
پڕۆژەیاساکە رەوانەی سەرۆکایەتیی وڵات دەکرێت بۆ پەسندکردنی، پێش ئەوەی بچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
لە سەرەتای جەنگەکەوە، دەسەڵاتدارانی ئێران رەخنەی تووند لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دەگرن بەهۆی سەرکۆنەنەکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران.
لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەو بڕیارەی ئاژانسەکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانی شەرمەزار کرد کە لە 12ی حوزەیران دەری کرد و ئێرانی بە پابەندنەبوون بە بەڵێنە ئەتۆمییەکانی تۆمەتبار کرد.
تاران پێی وایە ئەو بڕیارە "بیانووی" بەدەست ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دا هێرشی بکەنە سەر.
رۆژی هەینی، عێراقچی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی و بەڕێوەبەرە گشتییەکەی بە "بەرپرسیاری تەواو"ی دۆخەکە دانا.
هەروەها محەممەد جەواد زەریف، وەزیری پێشووتری ئێران لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا رەخنەی تووندی لە گرۆسی گرت و تۆمەتباری کرد بەوەی، دەنگۆی ناڕاستی بڵاوکردووەتەوە گوایە یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران گوێزراوەتەوە شوێنەوارێکی دێرینی ئەسفەهان کە لە لیستی میراتی جیهانیدایە.
زەریف نووسیویەتی: "دوای ئەوەی گرۆسی بە راپۆرتە بێ بنەماکانی بووەهۆی رەشەکوژیی خەڵکی بێتاوان، ئێستا بە وەهمە بێباکەکەی لە بارەی شاردنەوەی یۆرانیۆمی پیتێندراو لە شوێنەواری میراتی جیهانی لە ئەسفەهان، رێگە بۆ تاوانێکی دیکە خۆش دەکات."
زەریف دەڵێت: "پێویستە ئاژانسەکە خۆی لەم [کەسە] سەرشۆڕە رزگاربکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ