رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسداران رایگەیاند، لە سێ ئۆپەراسیۆنی جیاوازدا لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران، 13 چەکداری دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان کوشتووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی ئابی 2025، قەرارگەی قودسی هێزی زەوینیی سوپای پاسداران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "بەیانیی ئەمڕۆ هێزەکانی سوپای پاسداران بە هاوکاریی وەزارەتی ئیتڵاعات، سێ ئۆپەراسیۆنیان لە شارەکانی ئیرانشار، خاش و سەراوان لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان دژ بە گرووپە 'تیرۆریستییە' دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەنجامداوە."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە نێوان هێزەکانی سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتڵاعات لە لایەک و گرووپە چەکدارەکاندا رووبەڕووبوونەوە و پێکدادان روویداوە و بەهۆیەوە 13 چەکدار کوژراون، هەروەها ژمارەیەک چەکداری دیکەش دەستبەسەر کراون.
لە لایەکی دیکە، سەعید مونتەزەرەلمەهدی، گوتەبێژی پۆلیسی ئێران رایگەیاند، "لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمڕۆدا 8 کەس لەو چەکدارانەی بەشدار بوون لە هێرشەکەی چەند رۆژی رابردوو بۆ سەر ئۆتۆمبێلێکی پۆلیس لە شاری ئیرانشاری سیستان و بەلووچستان کوژراون و دەست بە سەر بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنیدا گیراوە."
رۆژی هەینی 22ی ئابی 2025، لە هێرشێکی چەکداریدا لەسەر رێگەی خاش-ئیرانشاری سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستانی ئێران، پێنج ئەندامی پۆلیس کوژران. دواتر گرووپی سوننە مەزهەبی جەیشولعەدل کە گرووپێکی چەکداری بەلووچەکانە لە ئێران و پێگەکانی لەنێو پاکستاندان، بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت.
بەگوێرەی راگەیێندراوی پۆلیسی پارێزگاکە، ئەو پێنج ئەندامەی پۆلیس لەکاتی چاودێری و پاراستنی ناوچەکەدا لەلایەن گرووپێکی چەکدارەوە تەقەیان لێکراوە و کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ