جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران: لەم کاتەدا دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا کاری لە پێشینەی ئێران نییە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، لەم کاتەدا دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا ناکەن و هەندێک پەیام لە نێوانیان ئاڵوگۆڕ دەکرێت.
 
رۆژی چوارشەممە، 28ی کانووی دووەمی 2026، کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "ئەگەر تاران و واشنتن لەسەر مێزی دانوستاندن دابنیشن، ئەوە بەو مانایە نییە کە تاران ئامادەیی خۆی بۆ هەر شەڕێکی ئەگەری کەم بکاتەوە."
 
کازم غەریب ئابادی گوتی: "لەو کاتەدا کاری لەپێشینەی تاران دانوستان لەگەڵ ئەمریکا نییە، بەڵکو 200٪ ئامادەییە بۆ بەرگریکردن لە وڵاتەکەمان."
 
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، "هەر هێرشێکی سنوورداری ئەمریکا وەڵامێکی بەهێز وەردەگرێت."
 
جێگری وەزیری دەرەوی ئێران دەشڵێت، لەو کاتەدا دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا ئەنجام نادەن، بەڵام "هەندێک پەیام لە نێوانیان ئاڵوگۆڕ دەکرێت."
 
ئەوە لە کاتاێکدایە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیەڵ هۆشداری دایە ئێران و گوتی "داوا لە بەرپرسانی ئێران دەکەم بە زووترین کات بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە و یەکسان کە تێیدا گەرەنتیی ئەوە بکرێ ئێران نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
 
ترەمپ دەڵێ: "کات خەریکە تەواو دەبێت و کات زۆر هەستیار [یەکلاییکەرەوە]ـیە."
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی دا، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە شکستی هەوڵەکانی پێشووی دانوستاندن لەگەڵ تاران کرد و گوتی: "پێشتریش پێم گوتن رێککەوتن بکەن، بەڵام نەیانکرد، ئەوە بوو ئۆپەراسیۆنی چەکوشی نیوەشەو روویدا و وێرانکارییەکی گەورەی لێکەوتەوە."
 
چەکوشی نیوەشەو بریتییە لەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی لە مانگی حوزەیراندا ئەمریکا کردییە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران. 
 
ترەمپ هۆشداریی دەداتە کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەڵێ، ئەگەر بێت و جارێکی دیکە ناچار بە بەکارهێنانی هێز بن، ئەوا "هێرشی داهاتوو زۆر لەوەی پێشوو خراپتر دەبێت."
 
هەفتەی رابردوو ترەمپ رایگەیاند، هێزێکی دەریایی گەورەی بەرەو ئاوەکانی نزیک لە ئێران جووڵاندووە. سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "لە نزیکەوە چاودێریی هەنگاوەکانی ئێران دەکەین، لەوانەشە ناچار نەبین ئەو هێزە بەکاربهێنین، بەڵام دەبینین چی روودەدات".
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە