راوێژکاری خامنەیی: بۆ هەر هێرشێکی ئەمریکا وەڵامی دەستبەجێ و گشتگیرمان دەبێ

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکارێکی باڵای رێبەری ئێران هۆشداری دەدات کە هەر هێرشێکی سەربازی لەلایەن ‎ئەمریکاوە بە دەستپێکی جەنگ هەژمار دەکرێ. دەشڵێت: ''وەڵامی دەستبەجێ، ‎گشتگیر و بێوێنەمان دەبێ.''
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 28-01-2026، عەلی شەمخانی، راوێژکاری باڵای عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران لە ئێکس پەیامێکی سەبارەت بە ئەگەری هێرشکردنی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەی بڵاوکردەوە کە تێێدا هاتووە، ئەمریکا لە هەر ئاستێکدا و لە هەر شوێنێکەوە هێرش بکاتە سەر ئێران، ئەوان بە دەستپێکی جەنگێکی بەرفراوانی هەژمار دەکەن.
 
عەلی شەمخانی ئاماژەی بەوە کردەوە، ''هێرشی سنووردار خەیاڵە. هەر هێرشێکی سەربازی لەلایەن ئەمریکاوە وەڵامەکەی دەستبەجێ، ‎گشتگیر و بێوێنە دەبێ کە دەستدرێژیکار، دڵی ‎تەلئەڤیڤ و سەرجەم پشتیوانانی دەستدرێژیکار دەکاتە ئامانج.''
 
پەیامەکەی راوێژکاری باڵای رێبەری ئێران لەکاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیەڵ هۆشداری دایە ئێران و گوتی "داوا لە بەرپرسانی ئێران دەکەم بە زووترین کات بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە و یەکسان کە تێیدا گەرەنتیی ئەوە بکرێ ئێران نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
 
ترەمپ دەڵێ: "کات خەریکە تەواو دەبێت و کات زۆر هەستیار و "یەکلاییکەرەوە"ـیە."
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی دا، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە شکستی هەوڵەکانی پێشووی دانوستاندن لەگەڵ تاران کرد و گوتی: "پێشتریش پێم گوتن رێککەوتن بکەن، بەڵام نەیانکرد، ئەوە بوو ئۆپەراسیۆنی چەکوشی نیوەشەو روویدا و وێرانکارییەکی گەورەی لێکەوتەوە."
 
چەکوشی نیوەشەو بریتییە لەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی لە مانگی حوزەیراندا ئەمریکا کردییە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران. 
 
ترەمپ هۆشداریی دەداتە کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەڵێ، ئەگەر بێت و جارێکی دیکە ناچار بە بەکارهێنانی هێز بن، ئەوا "هێرشی داهاتوو زۆر لەوەی پێشوو خێراتر دەبێت."
 
هەفتەی رابردوو ترەمپ رایگەیاند، هێزێکی دەریایی گەورەی بەرەو ئاوەکانی نزیک لە ئێران جووڵاندووە. سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "لە نزیکەوە چاودێریی هەنگاوەکانی ئێران دەکەین، لەوانەشە ناچار نەبین ئەو هێزە بەکاربهێنین، بەڵام دەبینین چی روودەدات".
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە