رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سوپای پاسداران دەڵێت، تۆقاندن بە دروستکردنی وێنەی شەڕ و ناردنی فڕۆکە تاکتیکێکی کۆنی بەرپرسانی ئەمریکایە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ی کانوونی دووەمی 2026، عەلی محەممەد نائینی، گوتەبێژی سوپای پاسداران رایگەیاند: "ئەزموونی شەڕی 12 رۆژە ئەوەی سەلماندووە کە بژاردەی سەربازی دژی ئێران شکستی خواردووە."
عەلی محەممەد نائینی گوتی: "کاربەدەستانی کۆشکی سپی لە بارەی بەرگریی ئێران لە ئاژاوەگێڕی چەکداری و بەرگریی پیرۆز کە 12 رۆژی خایاند، لە دۆخێکی سەرلێشێواوی و نائومێدی دان."
گوتەبێژی سوپای پاسداران گوتیشی: "دوای شکستی خێرا و تووندی ئاژاوەگێڕی ئەمریکا لە ئێران، بە نائومێدییەوە لە هەوڵی هاندان و دروستکردنی ترسی ساختەن دەدەن بۆ ناو کۆمەڵگە و خەڵکی ئێران، چونکە لە هەموو کارێکی دژە ئێراندا رووبەڕووی بەربەستێکی بەهێزی خەڵک و یەکگرتوویی نەتەوەیی ئێرانییەکان بوونەتەوە."
عەلی محەممەد نائینی ئاماژەی بەوەشکرد،" هەوڵ دەدەن لە رێگەی شەڕی دەروونییەوە کاریگەری نەرێنی لەسەر هەست و بیری خەڵکی ئێران دروست بکەن."
عەلی محەممەد نائینی گوتیشی:" تۆقاندن بە دروستکردنی وێنەی شەڕ و ناردنی فڕۆکە تاکتیکێکی کۆنی بەرپرسانی ئەمریکایەو ئەمجارە خەڵک دڵنیا دەکەینەوە کە ئێمە کۆنترۆڵی رەفتار و جموجۆڵەکانی دوژمنمان دەکەین و پلانمان بۆ هەموو سیناریۆکان هەیە."
عەلی محەممەد نائینی رایگەیاند:"دوژمن هێرشی ئێمەی لە "العدید" لەبیر نەکردووە."
گوتەبێژی سوپای پاسداران دەڵێت:" ئەزموونمان هەیە لە شکستپێهێنانی دوژمن لە شەڕە مۆدێرنەکاندا، تەنانەت بە قەبارەیەکی گەورە و لە مەترسیدارترین و ئاڵۆزترین دۆخدا."
ئەوە لە کاتاێکدایە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیەڵ هۆشداری دایە ئێران و گوتی "داوا لە بەرپرسانی ئێران دەکەم بە زووترین کات بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە و یەکسان کە تێیدا گەرەنتیی ئەوە بکرێ ئێران نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
ترەمپ دەڵێ: "کات خەریکە تەواو دەبێت و کات زۆر هەستیار "یەکلاییکەرەوە"ـیە."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی دا، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە شکستی هەوڵەکانی پێشووی دانوستاندن لەگەڵ تاران کرد و گوتی: "پێشتریش پێم گوتن رێککەوتن بکەن، بەڵام نەیانکرد، ئەوە بوو ئۆپەراسیۆنی چەکوشی نیوەشەو روویدا و وێرانکارییەکی گەورەی لێکەوتەوە."
چەکوشی نیوەشەو بریتییە لەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی لە مانگی حوزەیراندا ئەمریکا کردییە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران.
ترەمپ هۆشداریی دەداتە کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەڵێ، ئەگەر بێت و جارێکی دیکە ناچار بە بەکارهێنانی هێز بن، ئەوا "هێرشی داهاتوو زۆر لەوەی پێشوو خراپتر دەبێت."
هەفتەی رابردوو ترەمپ رایگەیاند، هێزێکی دەریایی گەورەی بەرەو ئاوەکانی نزیک لە ئێران جووڵاندووە. سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "لە نزیکەوە چاودێریی هەنگاوەکانی ئێران دەکەین، لەوانەشە ناچار نەبین ئەو هێزە بەکاربهێنین، بەڵام دەبینین چی روودەدات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ