رووداو دیجیتاڵ
ژمارەی ئەو قوتابخانانەی قوتابییەکانیان ژەهراوی دەبن رووی لە هەڵکشانە، لە شاری بروجێرد تەنیا رۆژی دووشەممە قوتابی سێ قوتابخانە ژەهراویبوون. لە یەک هەفتەدا بوونە شەش قوتابخانە.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، رۆژی دووشەممە "قوتابییان و کۆمەڵێک مامۆستا و فەرمانبەری دوو قوتابخانەی سەرەتایی کچانی کرماشان، بەهۆی بڵاوبوونەوەی گازی ژەهراوییەوە دۆخی تەندروستییان تێکچووە."
عەبدولعەلی رەحیمی موزەفەری، پەرلەمانتاری ئێران دەڵێت، ئەم رووداوە لانیکەم لە 10 بۆ 15 شاری ئێراندا روویداوە. ئەو دەڵێت: قوتابییەکانمان مەترسییان لەسەرە.
سووتانەوەی لووت و قوڕگ، تەنگەنەفەسی، رشانەوە، سەرئێشە و تا، نیشانەکانی ژەهراویبوونەکە بوون. بەپێی ئەوەی رۆژنامەکان بڵاویانکردووەتەوە، قوتابییەکان دڵیان بەپەلەلێیداوە، سینگ، کەمەر و سەریان ئێشی زۆری هەبووە و ئۆکسجینی خوێنیان دابەزیوە. هەندێ لەو قوتابییانە گوتبوویان: شتێک فڕێدراوەتە حەوشەی قوتابخانە و بەوە ژەهراویبوون.
بەرپرسان لێدوانی جیاواز لەسەر هۆکاری ژەهراویبوونی قوتابییەکان دەدەن. بەڵام ئەمڕۆ بەهرام عەینوڵڵاهی، وەزیری تەندروستیی ئێران گوتی: بۆ ژەهراویکردنی قوتابییەکان جۆرێک ژەهر بەکارهێنراوە، بەڵام ئەوە ئەرکی وەزارەتی تەندروستی نییە دەستنیشانی بکات ژەهرەکە چۆن بەرهەم هاتووە و بە ئەنقەست یان نائەنقەست ئەو کارە کراوە. ئەو گوتیشی: ژەهراویبوونی قوتابییەکان شتێکی ئەوتۆ نەبووە و لێکەوتەیەکی جیدی نەبووە.
ئەحمەد ئەمیرئابادی فەراهانی، پەرلەمانتاری ئێران گوتی، "جێگری وەزیری تەندروستی گوتی، ئەم کارە بە ئەنقەست کراوە. ئەگەر ئەمە راست بێت، دەبێت بەرپرسانی ئەمنی و پۆلیس لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەن و رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەنجامدەرانی بگرنەبەر. خەڵکی قوم دژی کۆنەپەرستی و هەموو کارێکی نالۆژیکین."
لەم رۆژانەدا راگەیێندراوی گرووپێک بە ناوی "فیداییەکانی ویلایەت" بڵاوبووەوە کە خوێندنی کچانی بە "حەرام" لە قەڵەم داوە و هەڕەشەی کردووە ئەگەر قوتابخانەکانی کچان دانەخرێن، کچانی هەموو قوتابخانەکانی ئێران ژەهراوی دەکەن. رووداوێک کە کاریگەریشی هەبووە.
جەواد عەلەوی بروجێردی، مەرجەعێکی شیعەیە و گوتی، "ئێستا زۆر خێزان هەن، منداڵەکانیان نانێرنەوە قوتابخانە. هاتبوونە لای من و دەیانگوت، پێویست ناکات کچەکەم بخوێنێت. هەڵبەت رەنگە مەبەستی ئەو کەسانەی ئەو کارەیان کردووە، هەر ئەوە بێت."
رۆژانە هەواڵی ژەهراویبوونی قوتابییان لە ئێران بڵاودەبێتەوە، بە ئەنقەستە یان نا، مشتومڕی لەسەرە، بەڵام تائێستا هیچ کەسێک لەسەر ئەو کارە دەسگیرنەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ