رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی مانگی سووری ئێران دەڵێ، هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا 24 پارێزگای وڵاتەکەی گرتووەتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 200 کەس کوژراون و 747ـی دیکەش بریندار بوون.
کاژێر 20:45 خولەکی ئەمڕۆ شەممە 28-02-2026، موجتەبا خالیدی، گوتەبێژی مانگی سووری ئێران دوایین ئاماری قوربانییانی هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکای بۆ سەر وڵاتەکەی راگەیاند.
بەگوتەی موجتەبا خالیدی، تاوەکو ئێستا، هێرش کراوەتە سەر 24 پارێزگای ئێران کە لە ئەنجامدا لانیکەم 201 کەس کوژراون.
گوتەبێژی مانگی سووری ئێران ئاماژەی بە ژمارەی برینداران کرد و گوتی، تاوەکو ئێستا بەهۆی هێرشەکانەوە برینداربوونی 747 کەسیش پشتڕاستکراوەتەوە.
هاوکات محەممەد رادمێهر، قایمقامی شاری مینابی پارێزگای هورموزگان پشتڕاستی کردووەتەوە کە تەنیا لە قوتابخانەیەکی سەرەتایی کچان لە شارەکە کە لەلایەن ئیسرائیلەوە کراوەتەوە ئامانج، 85 قوتابی کوژراون و 177ـی دیکەش بریندار بوون.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەمریکا و ئیسرائیل بە هاوبەشی هێرشێکی بەرفراوانیان بۆسەر ئێران دەستپێکرد و دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتەنیاهووش پەیامی جیاوازیان لەبارەی هێرشەکە هەبوو.
کەمێک دواتریش سوپای پاسداران دەستی بە هێرشکردنە سەر پێگەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و ئیسرائیل کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ