گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران: هیچ پلانێکمان بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا نییە

28-07-2025
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هیچ پلانێکیان بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا نییە. جەختیشی کردەوە، بە هیچ شێوەیەک دۆسیەی مووشەکی و توانا بەرگرییەکانیان نابنە بەشێک لە دانوستاندنەکان.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 28ی تەممووزی 2025 ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەیدا لەبارەی ئەگەری دەستپێکردنی گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا رایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران بەپێی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی بڕیار لەسەر دەستپێکردن یان دەستپێنەکردنەوەی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا دەدات.
 
بەقایی گوتی، "ئێستا لەو بوارەدا هیچ پلانێکمان نییە. هەر کاتێک بەپێی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانمان پێویستی کرد، بڕیاری پێویست لەوبارەوە دەدەین و رایدەگەیێنین."
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە دانوستاندنەکانی شاندی ئەو وڵاتە لەگەڵ نوێنەرانی ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا کرد و رەتیکردەوە، دۆسیەی مووشەکی و پرسە بەرگرییەکان بەشێک بن لە دانوستاندنەکان.
 
ئیسماعیل بەقایی رایگەیاند، "ئێران تەنیا لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی و هەڵگرتنی گەمارۆکان دانوستاندن دەکات و دانوستاندنەکانمان بە هیچ شێوەیەک توانا بەرگرییەکان ناگرێتەوە."
 
سەبارەت بە پرسی پیتاندنی یۆرانیۆمیش، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، ئەگەر ئێران لە مافە ئەتۆمییەکانی بێبەش بکرێت، تاران کشانەوە لە پەیماننامەی رێگریکردن لە بڵاوکردنەوەی چەکە کۆمەڵکوژەکان تاوتوێ دەکات.
 
بەقایی روونیکردەوە، "هەڵوێستی ئێمە لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم زۆر بە روونی لەلایەن وەزیری دەرەوە خرایەڕوو. ئێمە پێمانوایە مەسەلە زۆر سادەیە؛ ئەگەر بڕیارە کۆماری ئیسلامیی ئێران وەکو ئەندامی پەیمانی قەدەخەکردنی چەکە کۆمەڵکوژییەکان (ئێن پی تی) بمێنێتەوە، دەبێ بەهرەمەند بێت لەو ماف و قازانجانەی بەهۆی ئەو ئەندامێتییە دێتە ئاراوە. ناکرێت چاوەڕوانییەکی وا هەبێت کە وڵاتێک وەکو ئەندامی پەیماننامەی قەدەخەکردنی چەکە کۆمەڵکوژییەکان بمێنێتەوە، لە هەمان کاتدا لەو مافانەی کە لە پەیماننامەکەدا هاتوون، بە تایبەتی لە بواری بەکارهێنانی ئاشتیانەی وزەی ئەتۆمدا، بێبەش بکرێت. بۆیەش چارەنووسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، بە پیتاندنی یۆرانیۆمیشەوە، تەواو روونە."
 
بەقایی ئاماژەی بە هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانیش کرد و رایگەیاند، رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە خەریکی هەڵسەنگاندنی زیانەکانە و دواتر قەبارەی زیانەکان لە لایەن رێکخراوەکەوە بڵاو دەکرێتەوە.
 
بە گوتەی گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، دوای بڕیارەکەی پەرلەمانی ئەو وڵاتە جۆری پەیوەندییەکانییان لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەگۆڕن، بەڵام ئاماژە بە وردەکارییەکانی نەکرد.
 
ئیسماعیل بەقایی هەروەها باسی لەوە کرد، بڕیارە لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا شاندێکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم سەردانی ئێران بکات و سەبارەت بە جۆری پەیوەندییەکان و هاوکارییەکانی نێوانیان گفتوگۆ بکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران

موجتەبا خامنەیی سوپاسی حیزبوڵڵای لوبنان و گرووپە چەکدارەکانی عێراق دەکات بۆ چوونە نێو جەنگەکەوە

موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێ، هاوشێوەی هاووڵاتییانی دیکەی وڵاتەکەی، لە تەلەڤزیۆنەوە زانیویەتی کە بە رێبەری نوێ هەڵبژێردراوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات سوپای وڵاتەکەی درێژە بەو جەنگە دەدات لە رۆژی 28ی شوباتەوە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دەستی پێکردووە.