سوپای پاسداران کوژرانی چوار چەکداری لە سیستان و بەلووچستان راگەیاند

28-10-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

قەرارگەی قودسی هێزی زەوینیی سوپای پاسداران رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە درۆن بنکەیەکی ئەو چەکدارانەیان کردووەتە ئامانج کە لە هێرشێکدا لە شاری تەفتانی سیستان و بەلووچستان 10 پۆلیسیان کوشت، لە ئەنجامدا چوار "چەکداری تیرۆریست" کوژران و چواری دیکەش دەستگیر کران.
 
شەوی یەکشەممە 27ی تشرینی یەکەمی 2024 قەرارگەی قودسی هێزی زەوینیی سوپای پاسداران رایگەیاند، "دوای هێرشەکەی ناوچەی گوهەرکوهی شاری تەفتان کە تێیدا هێزەکانی پۆلیسی شارەکە کرانە ئامانج و 10 پۆلیس شەهید کران، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا یەکەکانی ئۆپەراسیۆن و هەواڵگریی قەرارگەی سوپای قودسی هێزی زەوینی سوپای پاسداران بە بەشداریی هێزەکانی ئیتڵاعاتی سیستان و بەلووچستان و هێزەکانی پۆلیس، شوێنی خۆحەشاردانی تیرۆریستانیان دەستنیشان کرد، بە بەکارهێنانی درۆنی شەڕکەری هێزی زەوینیی سوپای پاسداران هێرشی کرایە سەر."
 
بەپێی قەرارگەی قودسی هێزی زەوینیی سوپای پاسداران، "لە ئۆپەراسیۆنەکەدا چوار تیرۆریست کوژران، ژمارەیەکیان برینداربوون و هەڵاتن و چوار کەسی دیکەشیان دەستگیر کران."
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، "ئۆپەراسیۆنی دەستبەسەرکردن و لەناوبردنی ئەو تیرۆریستانەی کە ماونەتەوە بەردەوام دەبێت. قەرارگەی قودسی هێزەکانی زەوینیی سوپای پاسداران تا لەناوبردنی یەکجارەکی تیرۆریستان و رێگریکردن لە نائەمنکردنی ناوچەکە لە هیچ هەوڵێک ناپارێزن."
 
ئێوارەی ئەمڕۆ، سەعید مونتەزەر ئەلمەهدی، گوتەبێژی فەرماندەیی پۆلیسی ئێرانیش رایگەیاند، کەمتر لە 24 کاژێر دوای هێرشەکەی شاری تەفتان کە تێیدا هێزەکانی پۆلیسی شارەکە کرانە ئامانج، یەکینەکانی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆری فەرماندەیی پۆلیس لەگەڵ هێزەکانی سوپای پاسداران ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان کرد.
 
بە گوتەی گوتەبێژی فەرماندەیی پۆلیسی ئێران، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا درۆنیش بەکار هێنرا و سێ چەکداری "تیرۆریست" کوژران، چەکداریکی دیکەش بە برینداری دەستبەسەر کراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
 
رۆژی شەممە، 26ـی تشرینی یەکەم، لە سنووری شاری تەفتانی سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستانی ئێران هێرشکرایە سەر یەکەیەکی پۆلیس و لە ئەنجامدا 10 کەس لە هێزەکانی پۆلیسی ئەو وڵاتە کوژران.
 
جەیشولعەدل، گرووپێکی چەکداریی بەلووچەکانە، لە راگەیێندراوێکدا بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە