رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسێکی چالاکڤانانی مافی مرۆڤ ئامارێکی نوێی لەبارەی قوربانییانی خۆپێشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت، کوژرانی زیاتر لە شەش هەزار و 373 کەس پشتڕاست کراوەتەوە کە 326ـیان منداڵن. هەروەها زیاتر لە 40 هەزار کەسیش دەستگیرکراون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 29-01-2026، ئاژانسی چالاکڤانانی مافی مرۆڤی ئێران (هەرانا) لە نوێترین راپۆرتی دا رایگەیاند، تاوەکو دوێنێ چوارشەممە، کوژرانی شەش هەزار و 373 کەس لە خۆپێشاندانەکان دا بە بەڵگەوە پشتڕاست کراوەتەوە.
بە گوێرەی وردەکاریی ئامارەکەی هەرانا، لەنێو کوژراوەکاندا 326 منداڵ هەن، هەروەها 214 کوژراویش لە ریزەکانی هێزە ئەمنییەکان دان.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کردووە، جگە لەو ژمارانەی پشتڕاست کراونەتەوە، ئێستا بەدواداچوون بۆ پرسی کوژرانی 17 هەزار و 91 کەسی دیکە دەکەن کە هێشتا بەڵگەی تەواو لەبارەیانەوە کۆنەکراوەتەوە.
سەبارەت بە بریندار و دەستگیرکراوانیش لە راپۆرتەکەدا هاتووە: "11 هەزار و 18 کەس برینداربوون کە برینی بەشێکیان سەختە؛ هەروەها 42 هەزار و 486 خۆپێشاندەر لە شارە جیاوازەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراون."
ئەم ئامارانەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ جیاوازییەکی زۆریان هەیە لەگەڵ ئامارە فەرمییەکان. رۆژی 21ـی کانوونی دووەم، ئەنجوومەنی ئاسایشی ئێران کۆی گشتیی قوربانییانی بە سێ هەزار و 117 کەس راگەیاند کە بە گوتەی ئەوان "دوو هەزار و 427ـیان خەڵکی بێتاوان و هێزە ئەمنییەکان بوون."
هاوکات رۆژی چوارشەممە 28-01-2026، نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران رایگەیاند، بە فەرمانی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمار، ناسنامەی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکان بڵاو دەکرێتەوە.
خۆپێشاندانەکان رۆژی 28-12-2025 لەلایەن کاسبکارانی تارانەوە دژی گرانی و دابەزینی بەهای تمەن دەستیپێکرد، بەڵام دواتر پەرەی سەند و تووندوتیژی لێکەوتەوە.
بە گوێرەی ئامارەکانی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران، لە خۆپێشاندانەکان دا زیان بە 250 قوتابخانە، 300 مزگەوت، 90 حەوزەی عیلمییە و دوو هەزار و 221 ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان گەیشتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ