وەزیری ناوخۆی ئێران: ئاگری بەندەری رەجایی کۆنترۆڵکرا و تەرمی 70 کەس دۆزراوەتەوە

29-04-2025
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ناوخۆی ئێران دەڵێت، ئاگری بەندەری رەجایی کۆنترۆڵکراوە و تاوەکو ئێستا تەرمی 70 کەس دۆزراوەتەوە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 29ـی نیسانی 2025، ئەسکەندەر موئمنی، وەزیری ناوخۆی ئێران رایگەیاند،" ئاگری بەندەری رەجایی کۆنترۆڵکراوە، بەڵام تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بەنێو شوێنی ئاگرکەوتنەوەکەدا دەگەڕێن، بۆ پێشگرتن لە سەرهەڵدانەوەی ئاگرەکە".
 
رۆژی دووشەممە، مێهرداد حەسەنزادە، بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای هورموزگان رایگەیاند،" تەرمی 70 کەس دۆزراوەتەوە. 48 تەرم ناسراون و 22ـشیان بەهۆی بەرزی رێژەی سووتانیان نەناسراونەتەوە".
 
محەممەد ئاشووری تازیانی، پارێزگاری هورموزگانیش رایگەیاند، 22 کەس بێسەروشوێنن. 
 
لەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە، پێنج کەسیان خەڵکی پاریزگای ئیلامن لە رۆژهەڵاتی کوردستان و لە بەندەرەکە کاریان کردووە. دوو کرێکاری ئیلامیش هەروا بێسەروشوێنن.
 
موجتەبا خالیدی، گوتەبێژی مانگی سووری ئێرانیش رایگەیاند، هەزار و 242 کەس لەو رووداوەدا برینداربوون.
 
بەپێی راگەیێندراوی ناوەندی راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی ئێران، لیژنەی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ هۆکارەکانی رووداوەکەی بەندەری رەجایی، دوای ئەنجامدانی چەند کۆبوونەوەیەک بە ئامادەبوونی پسپۆران و شارەزایان، گەیشتووەتە چەند ئەنجامێکی سەرەتایی و لە یەکەمین راپۆرتیدا ئەنجامەکانی ئاشکرا کرد.
 
راپۆرتەکە لە سێ خاڵ پێکدێت و ئەنجامە سەرەتاییەکانی لێکۆڵینەوەکانی بەم شێوەیە راگەیاندووە:
 
یەکەم: کەموکورتی لە پابەندبوون بە بنەماکانی سەلامەتی و بەرگریی پاسیڤ هەبووە.
 
دووەم: لە هەندێک باردا زانیاریی هەڵە و پێچەوانە تۆمارکراوە و دەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان بە جیدی هەوڵی ناسینەوەی سەرپێچیکاران دەدەن.
 
سێیەم: دیاریکردنی هۆکاری یەکلاکەرەوەی ئەم رووداوە پێویستی بە بەدواداچوونێکی تەواو و هەمەلایەنە لە هەموو رەهەندەکانییەوە هەیە، ئەمەش پێویستی بە  چەندین پرۆسەی تەکنیکی و تاقیگەیی هەیە. بەڵام هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی بەبێ دواکەوتن پەیڕەو دەکرێت و بە زووترین کات بۆ رای گشتی رادەگەیێندرێت.
 
لیژنەکەی وەزارەتی ناوخۆی ئێران بۆ لێکۆڵینەوە لەبارەی هۆکارەکانی تەقینەوەکەی بەندەری رەجایی جەخت لە بەردەوامیی لێکۆڵینەوەکان دەکاتەوە و دەڵێت: "هاونیشتیمانییانی ئازیز دڵنیا دەکەینەوە کە بەبێ هیچ جۆرە چاوپۆشییەک مامەڵە لەگەڵ هەموو ئەو کەسانەدا دەکرێت کە بووبنە هۆکاری ئەم رووداوە."
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا داوا لە خەڵک و هەموو لایەنەکان کراوە، سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکە، تەنیا هەواڵ و زانیاری لە لیژنەکە وەربگیرێت کە محەممەد ئاشووری، پارێزگاری هورموزگان سەرپەڕشتی لیژنەکە دەکات.
 
رۆژی شەممە، 26ـی نیسانی 2025، لە بەندەری شەهید رەجایی سەر بە شاری بەندەر عەباس، ناوەندی پارێزگای هورموزگان لە باشووری ئێران تەقینەوەیەکی گەورە روویدا و دواتر ئاگرێکی گەورە لە بەندەرەکە کەوتەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە