رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتی دادی ئێران رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشی هەفتەی رابردووی ئیسرائیل بۆسەر زیندانی ئێڤین لە باکووری تاران، لانیکەم 71 کەس کوژران.
ئەم راگەیێندراوەی دەزگا دادوەرییەکە چەند رۆژێک دوای راگەیاندنی ئاگربەست دێت، کە کۆتایی بە جەنگێکی 12 رۆژە لەنێوان ئێران و ئیسرائیل هێنا.
ئەسغەر جەهانگیری، گوتەبێژی دەسەڵاتی دادی ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە گوتی، "بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، 71 کەس لە هێرشی سەر زیندانی ئێڤیندا کوژران."
هێرشە ئاسمانییەکە رۆژی دووشەممە، 23ی حوزەیران کرایە سەر دەروازەی بەندینخانە تووندوتۆڵکراوەکە، لە چوارچێوەی بۆردوومانێکی بەرفراوانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران کە لە 13ی حوزەیرانەوە دەستیپێکرد.
دامودەزگە ئەمنییەکانی ئێران لە دوای هێرشەکە رایانگەیاندبوو، بەندکراوانیان گواستووەتەوە ناوچەکانی دیکەی تاران، بەڵام کەسوکاری بەندکراوانی سیاسی و گرووپە مافپەروەرەکان دەڵێن، ژمارەیەکی زۆریان گوێزراونەتەوە دەرەوەی تاران.
روون نییە کە ژمارەیان چەندە، بەڵام نێرگز محەممەدی، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و داکۆکیکاری مافی مرۆڤ دەڵێت، ژمارەیەکی زۆری ئەوانەی گوێزراونەتەوە، کەسانی بەتەمەن بوون، بە شەو گوێزراونەتەوە و کەسوکاریان نازانن لە کوێن.
موحەممەدی کە خۆیشی پێشتر لە زیندانی ئێڤین بەندکرابوو، باس لەوە دەکات دۆخی ئەو شوێنانەی بەندینخانەکە کە زیندانیانی سیاسییان تێدایە، "زۆر جێگەی نیگەرانییە" و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، گوشار لە ئێران بکات بۆ ئەوەی ئەو بەندکراوانەی تووشی نەخۆشی بوون، ئازاد بکات.
بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل، لە ماوەی جەنگە دوازدە رۆژییەکەدا، زیاتر لە 30 فەرماندەی سەربازی و 11 زانای ئەتۆمیی ئێرانی کوژراون، هەشت دامەزراوەی ئەتۆمی و زیاتر لە 720 پێگەی سەربازییش بۆردوومان کراون. بە گوێرەی گرووپی چالاکڤانانی مافەکانی مرۆڤ کە بارەگاکەی لە واشنتنە، لە جەنگەکەدا زیاتر لە هەزار کەس لە ئێران کوژران، کە لانیکەم 417 کەسیان سڤیل بوون.
ئێران زیاتر لە 550 مووشەکی بالیستیی ئاراستەی ئیسرائیل کرد، کە زۆربەیان بەرپەرچ درانەوە، بەڵام هەندێکیان ئامانجەکانیان پێکا و بوونە هۆی کوژرانی 28 کەس، کە بە گوتەی سوپای ئیسرائیل تەنیا یەکێکیان سەرباز بوو، لە دەرەوەی کاتی ئەرکەکەیدا بەر مووشەکێک کەوت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ