گوتەبێژی حکومەتی ئێران: پێداچوونەوە بە پڕۆژەیاسای بەڕەنگاربوونەوەی هەواڵی ناڕاست دەکرێت

29-07-2025
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند، دوای ئەوەی رەخنەی زۆر لە پڕۆژەیاسای بەڕەنگاربوونەوەی هەواڵی ناڕاست لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گیرا، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە بڕیاریداوە پێداچوونەوە بە پرۆژەیاساکە بکرێت و ئەگەر پێویستی کرد هەموار بکرێتەوە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 29ـی تەمموزی 2025، فاتمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە بڕیاریداوە پێداچوونەوە بە پرۆژەیاسای بەڕەنگاربوونەوەی هەواڵی ناڕاست لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکرێت.
 
فاتمە مهاجرانی نووسیویەتی، "سەرۆککۆمار فەرمانێکی دەرکردووە بۆ گوێگرتن لە بۆچوونی خەڵک و پسپۆڕان لەسەر پڕۆژەیاسای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان."
 
دەشڵێت: "حکومەت دەستی کردووە بە دیالۆگ لەگەڵ دەستەبژێر، میدیا و چالاکڤانانی بوارەکە، بۆ ئەوەی دەنگی هەموو لایەک ببیسترێت و باشترین بڕیار لە بەرژەوەندی وڵات و ئازادی رادەربڕین بدرێت."
 
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێرانیش رایگەیاند، دوای ئەو رەخنانەی لە پڕۆژەیاسای بەڕەنگاربوونەوەی هەواڵی ناڕاست لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گیرا، مەسعود پزیشکیان ئامادەیی دەربڕیوە گوێ لە رەخنەکان بگرێت و پرۆژەیاساکە هەموار بکرێتەوە.
 
هەفتەی رابڕدوو، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران واژۆی لەسەر پرۆژەیاسای بەڕەنگاربوونەوەی هەواڵی ناڕاست لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کرد و بۆ پەرلەمانی نارد و داوای کرد بە خێرایی تاوتوێ بکرێت.
 
رۆژی یەکشەممە، 27ی تەمموزی 2025، پەرلەمانی ئێران تاوتوێکردنی خێرای پڕۆژەیاسای بەرەنگاربوونەوەی هەواڵی ناڕاست لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی پەسند کرد.
 
بەشێکی پەرلەمانتاران، سیاسەتڤانان، لایەنە سیاسییەکان، رۆژنامەڤانەکان و تەنانەت بەرپرسانی پێشووی حکومەتی ئەو وڵاتە رەخنە لە پڕۆژەیاساکە دەگرن و دەڵێن، دەبێتە هۆی بەرتەسککردنەوەی ئازادیی کاری میدیا، هەروەها سنووردارکردنی ئازادی رادەربرین و رەخنە.
 
رۆژی دووشەممە، 28ـی تەممووز، میدیای ئێران رایگەیاند، 19 پەرلەمانتار نامەیەکیان ئاراستەی مەسعود پزیشکیان کردووە و تێیدا داوا دەکەن، حکومەت پڕۆژەیاساکە لە پەرلەمان بگەڕێنێتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران

موجتەبا خامنەیی سوپاسی حیزبوڵڵای لوبنان و گرووپە چەکدارەکانی عێراق دەکات بۆ چوونە نێو جەنگەکەوە

موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێ، هاوشێوەی هاووڵاتییانی دیکەی وڵاتەکەی، لە تەلەڤزیۆنەوە زانیویەتی کە بە رێبەری نوێ هەڵبژێردراوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات سوپای وڵاتەکەی درێژە بەو جەنگە دەدات لە رۆژی 28ی شوباتەوە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دەستی پێکردووە.