وەزیری کولتووری ئێران: پێویستمان بە 100 ساڵە بۆ تەواوکردنی پرۆژەکانمان

29-07-2025
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری کولتوور و رێنوێنیی ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، بەو بودجەیەی لەبەردەستیانە، پێویستیان بە 100 ساڵ دەبێت بۆئەوەی پرۆژە تەواونەکراوەکانیان جێبەجێ بکرێن.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 29ی تەممووزی 2025 عەباس ساڵحی، وەزیری کولتوور و رێنوێنیی ئیسلامیی ئێران لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی وڵاتەکەی ئامادەبوو، وەڵامی رەخنە و پرسیاری پەرلەمانتارانی دایەوە.
 
ساڵحی لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، ئێستا 343 پرۆژەی سەر بە وەزارەتی کولتووری و رێنوێنیی ئیسلامی هەن، کە چەندین ساڵە کاریان تێدا دەکرێت، بەڵام تەواو نەکراون.
 
بە گوتەی وەزیری کولتوور و رێنوێنیی ئیسلامیی ئێران، بەو بودجە کەمەی ئێستا لەبەردەستیانە، 100 ساڵیان پێویستە بۆئەوەی پرۆژە تەواونەکراوەکانیان جێبەجێ بکرێن.
 
ساڵحی گوتی، "ئەم ساڵ بە هاوکاریی پەرلەمان، حکومەت و رێکخراوی پلان و بودجە، بودجەی وەزارەتەکە بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکانی لە 800 ملیار تمەنەوە (نزیکەی 10 ملیۆن دۆلار) بۆ دوو تریلیۆن تمەن (زیاتر لە 22 ملیۆن و 700 هەزار دۆلار) زیاد کرا، واتە بودجەکەی بە رێژەی 136% زیاد کرا. بەم دۆخەی ئێستا و ئەگەر تەنیا دوو تریلیۆن تمەن بۆ پرۆژەکان تەرخان بکرێت، پێویستمان بە 100 ساڵە بۆ ئەوەی بتوانین هەموو پرۆژە تەواونەکراوەکانمان جێبەجێ بکەین."
 
عەباس ساڵحی داوای لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە کرد، بودجەی وەزارەتی کولتوور و رێنوێنیی ئیسلامی زیاتر بکات بۆئەوەی بتوانن ئەرکەکانیان باشتر بەڕێوەببەن، "ئەگەر کاری کولتووری باشترتان دەوێت، ئەمە بەبێ تەرخانکردنی بودجەی پێویست ناکرێت."
 
لە چەند ساڵی رابردوودا، بەهۆی سزا نێودەوڵەتییەکانەوە داهاتی ئێران لە هەناردەکردنی نەوت زۆر کەمی کردووە و ئەو وڵاتە تووشی کورتهێنانی بودجە بووەتەوە؛ لەبەر ئەوەش ژمارەیەکی زۆر لە پرۆژەکان لەو وڵاتە بە تەواونەکراوی ماونەتەوە.
 
بەپێی وەزارەتی دارایی ئێران، ئەم ساڵ ئەو وڵاتە نزیکەی 950 تریلیۆن (زیاتر لە 10 ملیار دۆلار) تمەن کورتهێنانی بودجەی هەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران

موجتەبا خامنەیی سوپاسی حیزبوڵڵای لوبنان و گرووپە چەکدارەکانی عێراق دەکات بۆ چوونە نێو جەنگەکەوە

موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێ، هاوشێوەی هاووڵاتییانی دیکەی وڵاتەکەی، لە تەلەڤزیۆنەوە زانیویەتی کە بە رێبەری نوێ هەڵبژێردراوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات سوپای وڵاتەکەی درێژە بەو جەنگە دەدات لە رۆژی 28ی شوباتەوە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دەستی پێکردووە.