دەسەڵاتی دادی ئێران: 935 کەس لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژراون

30-06-2025
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی دەسەڵاتی دادی ئێران رایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بۆ 935 کەس بەرزبووەتەوە. بەپێی ئاماری نافەرمیش، ژمارەی بریندارەکان نزیکەی پێنج هەزار کەسن.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 30ی حوزەیرانی 2025، ئەسغەر جەهانگیری، گوتەبێژی دەسەڵاتی دادی ئێران ئاماری نوێی قوربانیانی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، "بەپێی دوایین ئاماری دادپزیشکی، 935 کەس لە هێرشەکاندا کوژراون."
 
ئەسغەر جەهانگیری گوتی: "لە نێو کوژراوەکاندا 38 منداڵ و 102 ئافرەتیش هەن، کە هەندێکیان دووگیان بوون."
 
گوتەبێژی دەسەڵاتی دادی ئێران هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر وڵاتەکەی سەرکۆنە کرد و گوتی: "پێشێلکارییەکی زەقی یاسا نێودەوڵەتییەکانە."
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل، رەچاوی هیچ بنەما و یاسایەکی نێودەوڵەتی ناکەن و پێچەوانەی یاسای نێودەولەتی دەجووڵێنەوە، "بە بەزاندنی هەموو هێڵە سوورە نێودەوڵەتییەکان، تاوانێکی گەورە و مێژووییان کرد و هێرشیان کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکانی ئێران."
 
لە 13ی حوزەیران، جەنگێکی 12 رۆژە بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد.
 
رۆژی 22ی حوزەیران، ئەمریکا چووە نێو جەنگەکە و هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان. 25ی حوزەیرانیش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی راگەیاند.
 
بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل، لە ماوەی جەنگەکەدا، زیاتر لە 30 فەرماندەی سەربازی و 11 زانای ئەتۆمیی ئێرانی کوژراون، هەشت دامەزراوەی ئەتۆمی و زیاتر لە 720 پێگەی سەربازییش بۆردوومان کراون.
 
ئێران زیاتر لە 550 مووشەکی بالیستی و درۆنی ئاراستەی ئیسرائیل کرد، کە زۆربەیان بەرپەرچ درانەوە، بەڵام هەندێکیان ئامانجەکانیان پێکا و بوونە هۆی کوژرانی 28 کەس، کە بە گوتەی سوپای ئیسرائیل تەنیا یەکێکیان سەرباز بوو، لە دەرەوەی کاتی ئەرکەکەیدا کوژرا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران

موجتەبا خامنەیی سوپاسی حیزبوڵڵای لوبنان و گرووپە چەکدارەکانی عێراق دەکات بۆ چوونە نێو جەنگەکەوە

موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێ، هاوشێوەی هاووڵاتییانی دیکەی وڵاتەکەی، لە تەلەڤزیۆنەوە زانیویەتی کە بە رێبەری نوێ هەڵبژێردراوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات سوپای وڵاتەکەی درێژە بەو جەنگە دەدات لە رۆژی 28ی شوباتەوە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دەستی پێکردووە.