رووداو دیجیتاڵ
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، پێویستە ئەمریکا بیرۆکەی هێرشکردنەوە سەر ئێران لە نێو ببات.
ئەمڕۆ دووشەممە 30ی حوزەیرانی 2025، مەجید تەخت رەوانچی، جێگری وەزیری دەرەوە و ئەندامی شاندی دانوستاندنکاری ئێران لەگەڵ ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بی بی سی رایگەیاند، "ئەگەر ئەمریکا دەیەوێت دانوستاندنەکان دەستپێبکەنەوە، پێویستە بیرۆکەی هێرشکردنەوە سەر ئێران لە نێو ببات."
مەجید تەخت رەوانچی گوتی: "دەتوانن لەسەر رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم لەگەڵ ئەمریکا دانوستاندن بکەین، بەڵام داواکردنی سفرکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم، یاسای دارستانە."
سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هیچ وادەیەک بۆ ئەگەری گەڕانەوە بۆ دانوستاندنەکان دیاری نەکراوە و نازانرێت چی لە بەرنامەی کاردا دەبێت.
مەجید تەخت رەوانچی گوتی: "ئێمە شەڕمان ناوێت، دەمانەوێت لە دیالۆگ و دیپلۆماسیدا بەشدار بین، بەڵام دەبێت ئامادەبین، دەبێت وریا بین بۆ ئەوەی جارێکی دیکە تووشی هەژەند نەبینەوە."
ئەوە لە کاتێکدایە سەرۆکی ئەمریکا رەتیدەکاتەوە هیچ پڕۆژەیەکی ئابووری پێشکێشی ئێران بکات لە بەرامبەر نەرمی نواندنی ئەو وڵاتە لەبارەی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی. دۆناڵد ترەمپ لە وەڵامی قسەیەکی کریس کوونز، سیناتۆری دیموکرات کە گوتبووی ترەمپ هاوشێوەی ئۆباما دەیەوێ بە ملیاران دۆلار بداتە ئێران، دەڵێت، هیچ شتێک پێشکێشی ئێران ناکات و لەو کاتەوەی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانیان لەنێو بردووە، قسەیان لەگەڵدا نەکردوون.
ترەمپ هەفتەی رابردوو رایگەیاند، ئەم هەفتەیە دانوستاندن لەگەڵ ئێران دەستپێدەکەنەوە. هەروەها لە هەڤپەیڤینێکیشدا کە دوێنێ یەکشەممە بڵاوبووەوە گوتی، ئەگەر ئێران نیازپاکی پێشان بدات، گەمارۆکانی سەر ئەو وڵاتە هەڵدەگرێت. نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، ئەوەی ئەمریکا داوای دەکات، دانوستاندن نییە، بەڵکو سەپاندنی مەرجە و تاران ئەوە قبووڵ ناکات.
لە 13ی حوزەیران، جەنگێکی 12 رۆژە بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد.
رۆژی 22ی حوزەیران، ئەمریکا چووە نێو جەنگەکە و هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان. 25ی حوزەیرانیش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی راگەیاند.
بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل، لە ماوەی جەنگەکەدا، زیاتر لە 30 فەرماندەی سەربازی و 11 زانای ئەتۆمیی ئێرانی کوژراون، هەشت دامەزراوەی ئەتۆمی و زیاتر لە 720 پێگەی سەربازییش بۆردوومان کراون.
ئێران زیاتر لە 550 مووشەکی بالیستی و درۆنی ئاراستەی ئیسرائیل کرد، کە زۆربەیان بەرپەرچ درانەوە، بەڵام هەندێکیان ئامانجەکانیان پێکا و بوونە هۆی کوژرانی 28 کەس، کە بە گوتەی سوپای ئیسرائیل تەنیا یەکێکیان سەرباز بوو، لە دەرەوەی کاتی ئەرکەکەیدا کوژرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ