رووداو دیجیتاڵ
لە چەند ناوچەی جیاوازی تاران دەنگی تەقینەوە بیستراوە و میدیاکانی ئێران دەڵێن تێستی سیستمی بەرگرییە.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، 30ی حوزەیرانی 2025، دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە چەند ناوچەی جیاوازی تاران بیسترا و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کۆمەڵێک ڤیدیو بڵاوکرانەوە.
ئاژانسی فەرمیی ئێران (ئیرنا) بڵاوی کردەوە، هەموو ئەو دەنگانە کە لە تاران بیستراون تێستی سیستمی بەرگری بوون و هیچ تەقینەوەیک رووینەداوە.
هەروەها هەر ئێوارەی ئەمڕۆ دەنگی چەند تەقینەوەی گەورە لە ورمێ بیستراوە. میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، "ئەو دەنگەی لە ورمێ بیستراوە بەهۆی تەقاندنەوەی پاشماوەکانی جەنگەوە بووە."
لە 13ی حوزەیران، جەنگێکی 12 رۆژە بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد.
رۆژی 22ی حوزەیران، ئەمریکا چووە نێو جەنگەکە و هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان. 25ی حوزەیرانیش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی راگەیاند.
بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل، لە ماوەی جەنگەکەدا، زیاتر لە 30 فەرماندەی سەربازی و 11 زانای ئەتۆمیی ئێرانی کوژراون، هەشت دامەزراوەی ئەتۆمی و زیاتر لە 720 پێگەی سەربازییش بۆردوومان کراون.
ئێران زیاتر لە 550 مووشەکی بالیستی و درۆنی ئاراستەی ئیسرائیل کرد، کە بوونە هۆی کوژرانی 28 کەس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ