رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی رەخنەی زۆر لە پڕۆژەیاسای بەرەنگاربوونەوەی هەواڵی نادروست گیرا، حکومەتی ئێران بڕیاری دا پرۆژەیاساکە لە پەرلەمان بکشێنێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 30ی تەممووزی 2025 فاتمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی حکومەتدا کە بە سەرپەرشتی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەیاسای بەرەنگاربوونەوەی هەواڵی نادروست کرا و بڕیاردرا لە پەرلەمان بکشێندرێتەوە.
مهاجرانی نووسیویەتی، "لەپێناو پاراستنی یەکێتیی نیشتمانی و جەختکردنەوەی سەرۆککۆمار، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی حکومەتدا کشانەوەی پڕۆژەیاسای بەرەنگاربوونەوەی هەواڵی نادروست لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، پەسندکرا."
سەرۆکی ئەنجوومەنی راگەیاندنی حکومەتی ئێرانیش رایگەیاند، بە بڕیاری مەسعود پزیشکیان، حکومەت پڕۆژەیاسای بەرەنگاربوونەوەی هەواڵی ناڕاست لە پەرلەمان دەکشێنێتەوە کە هەفتەی رابردوو نێردرابووە پەرلەمان و خوێندنەوە بۆی دەستی پێکردبوو.
ئیلیاس حەزرەتی، سەرۆکی ئەنجوومەنی راگەیاندنی حکومەتی ئێران رایگەیاند، بایەخدان بە خواستەکانی خەڵک یەکێکە لەو بابەتانەی جێگەی بایەخی سەرۆککۆمار و حکومەتەکەیەتی؛ هەربۆیە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو رەخنانەی لە "پڕۆژەیاسای بەرەنگاربوونەوەی هەواڵی ناڕاست لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان" گیران، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی کابینەی حکومەتدا بڕیاردرا پرۆژەیاساکە لە پەرلەمان بکشێندرێتەوە.
حەزرەتی گوتی، "هەروەک سەرۆککۆمار پزیشکیان چەندین جار جەختی کردووەتەوە، ئەم حکومەتە بۆ خزمەتی گەل هاتووە و کارێک ناکات کە ببێتەهۆی نیگەرانی و ناڕەحەتی خەڵک."
دوێنێ نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران رایگەیاند، دوای ئەو رەخنانەی لە پڕۆژەیاسای بەڕەنگاربوونەوەی هەواڵی ناڕاست لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گیران، مەسعود پزیشکیان ئامادەیی دەربڕی گوێ لە رەخنەکان بگرێت و پرۆژەیاساکە هەموار بکرێتەوە.
هەفتەی رابردوو، مەسعود پزیشکیان واژۆی لەسەر پرۆژەیاسای بەرەنگاربوونەوەی هەواڵی ناڕاست لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کرد و بۆ پەرلەمانی نارد و داوای کرد بە خێرایی تاوتوێ بکرێت.
رۆژی یەکشەممە، 27ی تەمموزی 2025، پەرلەمانی ئێران دەستی بە تاوتوێکردنی خێرای پڕۆژەیاسای بەرەنگاربوونەوەی هەواڵی ناڕاست لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کرد.
بەشێکی پەرلەمانتاران، سیاسەتڤانان، رۆژنامەڤان و تەنانەت بەرپرسانی پێشووی حکومەتی ئەو وڵاتە رەخنە لە پڕۆژەیاساکە گرت و دەڵێن، دەبێتەهۆی بەرتەسککردنەوەی ئازادیی کاری میدیا، هەروەها سنووردارکردنی ئازادی رادەربرین و رەخنە.
رۆژی 28ـی تەممووز، میدیای ئێران رایگەیاند، 19 پەرلەمانتار نامەیەکیان ئاراستەی مەسعود پزیشکیان کردووە و تێیدا داوا دەکەن، حکومەت پڕۆژەیاساکە لە پەرلەمان بگەڕێنێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ