رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، سەپاندنی سزای نوێی لە لایەن ئەمریکاوە بەسەر تۆڕی گواستنەوەی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی ئێرانی سەرکۆنە کرد.
رۆژی پێنجشەممە، 31ی تەمموزی 2025، ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، سزا نوێیەکانی ئەمریکا کە بەسەر تۆڕێک لە کەشتیی نەوتهەڵگر، کەشتیی کۆنتێنەر و کۆمپانیاکانی ئێراندا سەپێندراوە "بە تووندی" سەرکۆنە دەکەن.
بەقائی گوتی: "دەستدرێژی سەربازیی ئەم دواییەی ئەمریکا و ئیسرائیل لەدژی یەکپارچەیی خاک و سەروەریی نەتەوەیی ئێران و سەپاندنی گەمارۆ نایاسایی و ستەمکارەکان بە دژی وڵاتەکەمان، بەڵگەی روونی دوژمنایەتیی ئەمریکایە بەرامبەر ئێرانییەکان."
بەقائی هەروەها گوتی: "ئاڵوودەبوونی ئەمریکا بە رەفتاری تاکلایەنە و ئامرازی نایاسایی و زۆرەملێ بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانجە ناشەرعییەکانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، هەروەها بێبایەخکردنی سەروەری یاسا و مافەکانی مرۆڤ، گاڵتەیان بە بنەما بنەڕەتییەکانی یاسای نێودەوڵەتی کردووە، لەوانەش بنەمای رێزگرتن لە سەروەریی دەوڵەتان و ئازادی بازرگانیی نێوان دەوڵەتەکان، هەروەها جیهانی بەرەوڕووی هەڕەشە کردووەتەوە."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە سزا نوێییەکانی ئەمریکا بۆ سەر کەرتی نەوتی ئێران کرد و گوتی: "گەمارۆ نوێیەکانی ئەمریکا بۆ سەر بازرگانیی نەوتی ئێران هەنگاوێکی خراپەکارانەیە بە ئامانجی زیانگەیاندن بە گەشەسەندنی ئابووری و خۆشگوزەرانی گەلی ئێران."
هەروەها گوتی: " گەمارۆ تاکلایەنە و نایاساییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران کردەوەیەکی تاوانکارییە کە پێشێلکردنی بنەما و رێسا بنەڕەتییەکانی یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی مرۆڤە و بە نموونەی تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتی دادەنرێت و حکومەتی ئەمریکاش دەبێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت و وەڵامدەر بێت."
رۆژی چوارشەممە، 30ی تەممووزی 2025، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، سزای نوێیان بەسەر ئێراندا سەپاندووە، بەرفراوانترین پاکێجی سزای پەیوەست بە ئێرانن لە ساڵی 2018ـەوە.
وەزارەتی گەنجینە بانگەشەی ئەوە دەکات، کە لە رێگەی تۆڕێک لە کەشتیی نەوتهەڵگر، کەشتیی کۆنتێنەر و کۆمپانیاکانی رووبەند؛ محەمەد حوسێن شەمخانی کۆنترۆڵی بەشێکی بەرچاوی هەناردەی نەوتی خاوی ئێرانی کردووە و زۆربەی کات بۆ کڕیارەکانە لە چین.
بە گوێرەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، حوسێن شەمخانی کوڕی عەلی شەمخانی، راوێژکارێکی باڵای سیاسیی رێبەری باڵای ئێرانە، کە لە ساڵی 2020 لەلایەن ئەمریکاوە سزای بەسەردا سەپێنراوە.
وەزارەتەکە رایگەیاندووە، داهاتی فرۆشی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان سوودی بۆ بنەماڵەی شەمخانی و ئێرانیش هەیە.
وەزارەتی گەنجینە ئاماژە بەوە دەکات، تۆڕەکە چەندین شێوازیان بەکارهێناوە بۆ شاردنەوەی چالاکییەکانیان، لەوانە دروستکردنی کۆمپانیای رووبەند و گۆڕینی بەردەوامی کەشتییەکان.
حوسێن شەمخانی، کە وەزارەتی گەنجینە پێیوایە لە تاران یان لە ئیمارات کاردەکات، پاسپۆرتێکی دۆمەنیکا بە ناوی خوازراوی "هیوگۆ هایک" بەکاردەهێنێت.
سزاکانی ئەمجارەی ئەمریکا زیاتر لە 115 کەسایەتی، دامەزراوە و کەشتی لە 17 شوێنی جیاوازی کردووەتە ئامانج لەنێویشیان وڵاتانی ئیمارات، هیندستان، تورکیا، سەنگاپورە و سویسرا.
لە کاتی دەستبەکاربوونی لە مانگی کانوونی دووەمی رابردوو، ئیدارەی ترەمپ سزای خستووەتە سەر زیاتر لە 500 کەسایەتی، دامەزراوە و کەشتیی پەیوەست بە ئێران.
لە 4ی شوباتی ئەم ساڵ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانێکی نوێی واژۆ کرد کە مەبەست لێی زیادکردنی گوشاری ئابوورییە لەسەر ئێران و گەیشتنی هەناردەی نەوتی ئێران بە "سفر."
پێش هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە مانگی رابردوو، واشنتن و تاران پێنج جار لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا و مەسقەتی پایتەختی عومان کۆبوونەوە بە ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتنێک کە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانی سنووردار بکات لە بەرامبەر سووککردنی سزاکاندا.
رۆژی دووشەممە، 28ی تەممووز، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دا، کە ئەگەر ئێران هەوڵی دەستپێکردنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بدات، دووبارە هێرش دەکەنەوە سەر دامەزراوەکانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ