رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران مەرجەکانی وڵاتەکەی بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا ئاشکرا دەکات و دەڵێت بە مەرجی قەرەبووکردنەوە دانوستاندن دەکەن.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی فایننشاڵ تایمز رایگەیاند، وڵاتەکەی تەنیا لە بەرامبەر قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی جەنگ، گەرەنتی دووبارەنەبوونەوەی هێرش و داننان بە مافی پیتاندنی یۆرانیۆم ئامادەیە لەگەڵ ئەمریکا بچێتە دانوستاندنەوە.
عەباس عێراقچی دەڵێت، ئەمریکا دەبێت بەرامبەر ئەو زیانانەی کە لە شەڕی مانگی رابردوو بە ئێرانی گەیاند، ئەو وڵاتە قەرەبوو بکاتەوە، چونکە ئێران هەڵوێستەکانی تووندتر کردووە و مەرجی نوێی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان لەگەڵ حکومەتی ترەمپ داناوە.
بە گوتەی عێراقچی، ئێران دوای شەڕی 12 رۆژەی لەگەڵ ئیسرائیل، چیدیکە ئامادەی دانوستاندن نییە، چونکە ئەمریکا لە دانوستاندن لەگەڵ ئێران بوو کە پشتی لە دیپلۆماسی کرد و جەنگیان دەستپێکرد و دەبێت لەو بارەوە روونکردنەوە بدەن و ئێران قەرەبوو بکەنەوە و گەرەنتی بدەن.
وەزیری دەرەوەی ئێران راشیگەیاندووە، لە کاتی شەڕ و دوای شەڕیش لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ئەمریکا پەیامیان ئاڵوگۆڕ کردووە و بە گوتەی ئەو دەبێت رێگەچارەی براوە - براوە بۆ کۆتاییهێنان بە پرسی داخراوی چەندین ساڵەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بدۆزرێتەوە. گوتیشی: "رێگەی دانوستاندن باریکە، بەڵام دەکرێت و دەبێت بەرپرسانی باڵا رازی بکەن کە ئەگەر دانوستاندن بکرێت، لایەنی بەرامبەر ئیرادەیەکی راستەقینەی هەیە بۆ رێککەوتنێکی براوە - براوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ