رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی نەسر بە سەرۆکایەتیی حەیدەر عەبادی رایدەگەیێنێت، لە دیاریکردنی بەربژێر بۆ پۆستە باڵاکانی عێراق، دەبێت بەرژەوەندیی گەل و دەوڵەت لە سەرووی بەرژەوەندیی حیزبی و کەسییەوە بێت؛ هۆشدارییش دەدات کە "دەوڵەت ئەمانەتە."
شەوی شەممە، 31-01-2026، هاوپەیمانیی نەسر راگەیێندراوێکی لەبارەی پرۆسەی سیاسیی عێراق و یەکلاکردنەوەی بەربژێرەکان بڵاوکردەوە. تێیدا هاتووە، "لەکاتێکدا جەخت لە پێویستیی جێبەجێکردنی مافە دەستوورییەکان بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتەکان دەکەینەوە، هاوکات دووپاتی دەکەینەوە کە دەبێت بەرژەوەندییە چارەنووسسازەکانی گەل و دەوڵەت ئەولەوییەتی سەرەکی بن لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەر بەربژێرێک یان هاوکێشەیەکی داهاتووی حوکمڕانی."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی هاوپەیمانیی نەسر، پێویستە پرۆسەی سیاسی "دوور بێت لە پاشکۆیەتی، حیزبایەتیی تەسک و بەرژەوەندیی کەسی"، بەتایبەتی لەم دۆخەدا کە عێراق و ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێت.
سەبارەت بە نێو ماڵی شیعە، هاوپەیمانییەکەی عەبادی داوای یەکدەنگیی بڕیاری چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەکات و دەڵێت، "یەکڕیزیی نیشتمانی بەرامبەر هەر بەربژێرێک، گەرەنتیی پاراستنی سیستمی سیاسی و بەهێزکردنیەتی لەسەر ئاستی نێوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتی."
لە کۆتایی پەیامەکەدا هۆشداری دراوە بەوەی، "بەرژەوەندییەکانی گەل لە سەرووی بەرژەوەندیی کەسەکانە، دەوڵەتیش ئەمانەتە و نابێت لەژێر هیچ بارودۆخێکدا قوماری پێوە بکرێت."
پەیامەکەی نەسر هاوکاتە لەگەڵ کۆبوونەوەی ژمارە 261ی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە رۆژی شەممە لە نووسینگەی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە بەغدا بەڕێوەچوو.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیران پرسێکی دەستووریی تەواو عێراقییە و دەبێت "دوور لە هەر کارپێکردن و گوشارێکی دەرەکی" بێت. هەروەها جەختی لە دروستکردنی پەیوەندیی هاوسەنگی نێودەوڵەتی کردووەتەوە لەسەر بنەمای رێزگرتن و دەستوەرنەدان.
لە کۆبوونەوەکەی ئێوارەی شەممەدا، چوارچێوەی هاوئاهەنگی جارێکی دیکە پابەندبوونی خۆی بە بەربژێرکردنی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق دووپاتکردووەتەوە.
بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، 01-02-2026، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەڕێوەبچێت، ئەوەش دوای ئەوەی دانیشتنی رۆژی 27ی مانگی رابردوو بۆ هەمان مەبەست لەلایەن سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە دواخرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ