گرووپێکی چەکداری شیعە مووشەکەکانی لەنێو تونێلدا نمایش دەکات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
گەشاو خالید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گرووپی چەکداریی "سەرایا ئەولیا دەم"، گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و تێیدا لەنێو "تونێلێکی نهێنی"دا بەشێک لە جبەخانە مووشەکییەکەی نمایش دەکات و هەڕەشەی بەردەوامبوون لە هێرشەکانی دەکات.
 
گرووپەکە کە خۆی وەک بەشێک لە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنێت، لە کەناڵی فەرمیی خۆی لە تێلیگرام گرتە ڤیدیۆییەکەی بڵاوکردووەتەوە و لەگەڵیدا نووسیویەتی، "هەنگاوەکانمان وەک کێوێکی جێگیرن و نالەرزن، ویستمان وەک شمشێرەکانمانە لەناو کاڵانەکانیاندا تووندکراون؛ بۆ ئەوەی لەو ساتە یەکلاکەرەوەدا دەربهێنرێن کە بەزەیی نازانێت."
 
لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا، کە وا دەردەکەوێت لە تونێلێکی ژێر زەویدا تۆمار کرابێت، چەندین مووشەک ریز کراون. یەکێک لە مووشەکەکان لەڕووی پێکهاتە، قەبارە و ئەو باڵە بچووکانەی لە کۆتاییەکەیدا هەن، هاوشێوەی مووشەکی "ئەبابیل"ی ئێرانییە.
 
تایبەتمەندییەکانی مووشەکی ئەبابیل:
 
جۆر: مووشەکی بالیستیی تاکتیکیی کورت مەودا.
 
مەودا: 86 بۆ 90 کیلۆمەتر.
 
کێشی کڵاوەی جەنگی: 45 کیلۆگرام.
 
هەڕەشەی جەنگ بۆ پاراستنی ئێران
 
نمایشکردنی ئەم توانایە سەربازییە لەلایەن گرووپەکەوە، هاوکاتە لەگەڵ راگەیێندراوێک کە هەفتەی رابردوو بڵاویانکردەوە و تێیدا ئاماژەیان بەوە کردبوو، "لە سایەی پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و ئەو ئاڵۆزییانەی رووبەڕووی ئێران دەبنەوە، ئامادەیی تەواومان بۆ دەستپێکردنی جەنگ دژی هاوپەیمانیی زایۆنی - ئەمریکی هەیە."
 
گرووپەکە لە پەیامەکەیدا ئێران بە "کەعبەی ئومێدی چەوساوەکانی جیهان" ناودەبات و بەرگریکردن لێی بە "جیهادێکی فەرز" دادەنێت.
 
سەرایا ئەولیا دەم، یەکێکە لەو گرووپە چەکدارانەی دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری پێشووی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە ساڵی 2020 دەرکەوت.
 
ئەم گرووپە، بەرپرسیارێتیی هێرشە مووشەکییەکەی رۆژی 15ی شوباتی 2021ی سەر شاری هەولێری گرتە ئەستۆ، کە تێیدا بەڵێندەرێکی مەدەنی کوژرا و سەربازێکی ئەمریکی و چەند کەسێکی دیکە برینداربوون. دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دانپێدانانی ئەنجامدەری هێرشەکەی بڵاوکردەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە