رووداو دیجیتاڵ
مارک ساڤایا، دەڵێت: ئەو هەژمارەی بەناوی ئەوەوە پۆستی کردووە، ساختەیە. سەرپەرشتیاری سەنتەری راگەیاندنی دیجیتاڵیش دەڵێ، بەکارهێنەری ئەو ئەکاونتەی بەناوی ساڤایا دروستکراوە لە تورکیایە.
دکتۆر موهەنەد حەبیب سەماوی، سەرپەرشتیاری گشتیی سەنتەری راگەیاندنی دیجیتاڵی، ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی شوباتی 2026، بە رووداوی راگەیاند: "چەندین نیشانەی دیجیتاڵی هەن کە دەریدەخەن، ئەکاونتی [مارک ساڤایا] راستەقینە نییە؛ دیارترینیان ئەوەیە کە ناوی بەکارهێنەری ئەکاونتە راستەقینەکە @Mark_Savaya یە، بەڵام ساختەکارەکە پیتی 'a'ی بۆ کۆتایی ناوەکە زیاد کردووە."
ئەمڕۆ یەکشەممە، مارک ساڤایا لەبارەی ئەو ئەکاونتەی کە بەناوی ئەوەوە پۆستی کردبوو و نووسیبووی لە ئەرکەکەی وەکو نێردەی سەرۆکی ئەمریکا لە عێراق بەردەوام دەبێت و دوور نەخراوەتەوە بە رووداوی گوت: "ئەوە ئەکاونتی من نییە."
نیشانەکانی ئەکاونتە ساختەکە چین؟
بە گوتەی دکتۆر موهەنەد، چەند وردەکارییەکی تەکنیکی هەن کە ساختەکارییەکە ئاشکرا دەکەن:
شوێنی جوگرافی: ئەکاونتەکە نیشانی دەدات کە بنکەکەی لە تورکیایە، لەکاتێکدا کەسایەتییە راستەقینەکە لە ئەمریکایە.
گۆڕینی ناو: ئەکاونتە ساختەکە چوار جار ناوی بەکارهێنەری خۆی گۆڕیوە.
کاتی وەرگرتنی نیشانەی شین: تەنیا لە مانگی رابردوودا نیشانەی شینی وەرگرتووە، لەکاتێکدا ئەکاونتە فەرمییەکان مێژوویەکی کۆنتری هەیە.
سەرپەرشتیاری گشتیی سەنتەری راگەیاندنی دیجیتاڵی دەڵێت: "هەموو ئەم تایبەتمەندییانە لە ئەکاونتە راستەقینەکەی مارک ساڤایادا نەبوون، ئەمەش ئەو گریمانەیە بەهێز دەکات کە ئەکاونتەکە ساختەیە و جێی متمانە نییە."
کڕینی نیشانەی شین و فێڵە نوێیەکان
سەبارەت بەوەی چۆن ئەکاونتێکی ساختە نیشانەی شین وەردەگرێت، دکتۆر موهەنەد روونیکردەوە، دوای ئەوەی کۆمپانیاکانی سۆشیاڵ میدیا پشتیان بە سیستمی 'بەخشینی نیشانەی شین لە بەرامبەر پارە' بەست، دەرکەوتنی ئەکاونتی خاوەن نیشانەی شین بووەتە شتێکی باو کە مەرج نییە نوێنەرایەتیی کەسایەتییە راستەقینە یان فەرمییەکان بکەن.
گوتیشی: "دەکرێت لە رێگەی بەکارهێنانی ناسنامەی ساختە یان بەڵگەنامەی دیاریکراو فێڵ بکرێت و نیشانەی شین وەربگیرێت، پاشان ناوەکە بگۆڕدرێت. ئەمەش بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی ئەکاونتە ساختەکان."
"تەنیا ژمارەی گۆڕینی ناوەکان دەردەکەوێت"
دکتۆر موهەنەد، گوتی: "پلاتفۆرمەکە تەنیا ژمارەی جارەکانی گۆڕینی ناوی بەکارهێنەر نیشان دەدات، بەڵام ناوە پێشووەکان بۆ خەڵکی گشتی دەرناخات، ئەمەش یارمەتیی ساختەکاران دەدات کارەکانیان بشارنەوە."
سەرپەرشتیاری گشتیی سەنتەری راگەیاندنی دیجیتاڵی جەخت لەوە دەکاتەوە کە "هۆشیاریی دیجیتاڵی" گرنگترین فاکتەرە بۆ ئەوەی بەکارهێنەر نەکەوێتە داوی ئەکاونتە ساختەکان.
دکتۆر موهەنەد گوتی: "پێویستە لە رێگەی نووسین، وتار و شیکارییەوە کولتوورێکی دیجیتاڵیی هۆشیارانە بڵاوبکرێتەوە، تاوەکو بەکارهێنەر بتوانێت جیاوازی لەنێوان ئەکاونتی راستەقینە و ساختە، هەروەها هەواڵی راست و چەواشەکارانەدا بکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ