نووری مالیکی: نابێت رێگە بدەین ئەزموونی سووریا لە عێراق دووبارە ببێتەوە

02-02-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایدەگەیێنت، ئەو رووداوانەی لە ناوچەکەدا روودەدەن،" فیتنەیەکی گەورەیە و پێویستە رووبەڕووی ببینەوە". دەشڵێت، نابێت رێگە بدەن ئەوانەی دەیانەوێت ئەزموونی سووریا لە عێراق دووبارە بکەنەوە، سەرکەوتوو بن.
 
نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە هەڤپەیڤینێکدا گوتی: "جیهان ئەمڕۆ پڕە لە ئاڵنگاری و مەترسی گەورە، بەتایبەتی ئەوەی لە ناوچەکەدا روودەدات و ئەوەشی دەیانەوێت لە عێراقدا رووبدات".
 
نووری مالیکی رووداوەکانی ناوچەکەی "بە فیتنەیەکی گەورە" ناوبرد و گوتی: "ئەگەر رووبەڕووی نەبینەوە هەموو ناوچەکە دەگرێتەوە. نابێت رێگە بدەین ئەوانەی دەیانەوێت ئەزموونی سووریا لە عێراق دووبارە بکەنەوە، سەرکەوتوو بن."
 
بەبڕوای مالیکی، عێراق توانای ئەوەی هەیە رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببێتەوە و گوتی: "عێراق وڵاتێکی جێگیرە، میکانیزمی هەڵبژاردن و دیموکراسی هەیە، هێزی پێویستمان هەیە، لەگەڵ رێککەوتن لە نێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگەدا. پێویستە پاشماوەی چەکدارانی داعش و ئەو تائیفییانەی نایانەوێت بەگوێرەی یاسا کاربکەن لەنێوبەرین، لەگەڵ پاشماوەکانی حیزبی بەعسی هەڵوەشاوە."
 
سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا گوتیشی: "ئەوەی سروشتییە ئەگەر رووبەڕووی گەردەلوولێک ببینەوە، ئەوەیە کە رێوشوێن و ئامادەکاری پێویست دەگرینەبەر بۆ ئەوەی خۆمان بپارێزین لەو گەردەلوولەی کە لە لوبنان و فەلەستین و سووریای داوە."
 
نووری مالیکی هەروەها هۆشداری لە پەرەسەندنی جەنگەکانی ئێستا دا و گوتی: "ئەو رووداوانەی یەک لە دوای یەک دێن، لە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا و دابەشبوونی  ئەورووپا، پێماندەڵێت کە رەنگە بەرەو بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی بڕوات."
 
نووری مالیکی ئەو قسانەی دوێنێ شەممە 01-02-2025، لە کاتی دامەزراندنی ئەنجوومەنی سەرۆک هۆز و تیرەکان لە کەربەلا کرد.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە